باڵوێزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، هاوردەکردنی نەوتی عێراق بۆ یەکێتی ئەوروپا بژاردەیەکی باشە لە بەردەستیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ڤیلا فاریۆلا باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، "هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ یەکێتی ئەوروپا هەڵبژاردەیەکی باشە لەبەردەستماندا."
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو گۆڕانکارییانەی لە بازاری نەوتدا روودەدەن پەیوەندی
بە و خواست و خستنەبازاڕەوە هەیە و جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاش کاریگەرییەکی زۆری
لەسەر ئەو بابەتە هەبووە.
باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق وتیشی، "بۆیە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا
بە شوێن جێگرەوەیەکی نوێدا دەگەڕێن تا نەوتی لێوە هاوردەبکەن، بۆ ئەو مەبەستەش نەوتی
عێراق بژاردەیەکی نوێ و باشە بۆ ئێمە."
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان پاڵپشتی
لە بەرەوپێشچوونەکانی عێراق لەڕووی ئابوورییەوە دەکەن و هیوادارن پرۆژەی چاکسازی
حکومەتی عێراق بەزووترین کات و بەر لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ جێبەجێبکرێت.
وتیشی، لەبارەی ئەگەری هەناردەکردنی
نەوتی عێراقەوە بۆ بازاڕی ئەوروپا قسە لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسادا دەکات.
لەلایەن خۆیەوە، عەلا یاسری بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ، جەختی
کردەوە، عێراق بەتەواوی پابەندی بڕیارەکانی ئۆپێکە و لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیاکەیان
خواستی زیاتری لەسەر فرۆشتنی نەوتە بە کۆمپانیا
حکومییەکانی چین و هیندستانە، بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکەیان گرێبەستێکی دوورودرێژیان لەگەڵ
ئەو دوو وڵاتەدا هەیە و نایانەوێت کڕیارەکانیان لەدەستبدەن.
ئەمە لەکاتیکدایە، دوای هەڵگیرسانی
جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان
زنجیریەک سزای ئابوری و دارایی و بازرگانی قورسیان خستە سەر روسیا و لەدوا
سزاشیاندا هاوردەکردنی وزەی روسییان "نەوت و غازی سروشتی" بۆ ئەمریکا و
ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپا قەدەغەکرد، لەکاتێکدا روسیا ٤١٪ سوتەمەنی ئەوروپا
دابیندەکات.