سەردێڕ:

ژنێک لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بەشداری تاقیکردنەوەکانی خوێندنی باڵای کرد

PM:09:11:18/06/2022

4376 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی تورکی تەمەن ٨٤ ساڵ، کە لە قەزای مەسودیە لە پارێزگای ئۆردو دەژی، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بەشداری لە تاقیکردنەوەی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵادا کرد.


ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئانادۆڵۆ بڵاویکردەوە، گونەش ئۆنورمەی تەمەن ٨٤ ساڵ بەمەبەستی تەواوکردنی خوێندن کە لە وازی لێ هێنابوو، ئۆنورمە لە ساڵی ٢٠١٣دا سەردانی ناوەندی خوێندنی گەلی کردووە لە قەزای مەسودیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەتا خۆی فێری نووسین و خوێندنەوە کردووە، پاشان بڕوانامەی بنەڕەتی و ناوەندی بەدەستهێناوە و بۆ دوایین جاریش لە مانگی کانوونی دووەمدا بڕوانامەی دوا ناوەندی وەرگرتووە.

گونەش ئۆنورمە کە سەردانی ناوەندی تاقیکردنەوەی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا کرد، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی تاقیکردنەوەکەوە هەست بە جۆش و خرۆشێکی زۆر دەکات و هەستێکی زۆر خۆشی هەیە کە تا ئەم قۆناغە هاتووە.

دەشڵێت، '' بە چوونە تاقیکردنەوەکە گەیشتم بە ئامانجەکەم، دەمەوێت ببمە نموونە بۆ هەمووان کە خوێندن تەمەنی بۆ نییە. وتم بە دڵنیاییەوە دەچمە تاقیکردنەوەی زانکۆ ئەوەتا ئەمڕۆ لێرەم پشتیوان بەخوا سەرکەوتوو دەبم''.

گونەش ئۆنورمە باسی لەوە شکرد، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دەرچوون لە تاقیکردنەوەکەدا، هەمان جۆش و خرۆشی گەنجانی هەیە و دڵخۆشە کە بەشداری دەکات لە تاقیکردنەوەدا لەگەڵیاندا.

گونەش ئۆنورمە ئاشکرای کرد، ئەگەر لە تاقیکردنەوەکەدا دەرچێت ئامادەکاری دەکات بۆ خوێندن لە کۆلێجی هونەرە جوانەکاندا، وتیشی، ''من زۆر حەزم لە هونەرە. هەر لە سەرەتاوە حەزم لە خوێندن بوو لە کۆلێژی هونەرە جوانەکاندا. پشتیوان بە خوا بەپێی ئەو نمرەیەی بەدەستی دەهێنم ئەوە دەردەکەوێت''.

گونەش ئۆنورمە خاوەنی ١٨ نەوەیە و ئەمرۆ بەشداری تاقیکردنەوەی خوێندنی باڵای کردووە بە هیوای ئەوەی بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و لە زانکۆ بەشی هونەرەجوانەکان تەواوبکات.













گەلەری