سەردێڕ:

جۆنسۆن جارێکی تر هەڵوێستی خۆی لەبارەی رەوانەکردنی پەنابەران بۆ رواندا ئاشکرا کرد

PM:05:47:18/06/2022

2412 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە کۆتا خولەکدا یەکەم گەشتی پەنابەرانی بۆ رواندا راگرت، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، دڵنیایە لە رەوایەتی پلانی حکومەتەکەی بۆ ناردنی بەشێک لە پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە.


بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەدا، هەموو دادگاکانی ئەم وڵاتە بڕیاریانداوە کە هیچ بەربەستێک نییە بۆ ناردنی پەنابەران بۆ رواندا.

دەشڵێت، هیچ دادگایەکیش لەم وڵاتەدا بڕیاری نەداوە کە ئەم سیاسەتە نادەستوورییە.

ئەوەشی خستەڕوو، "زۆر متمانەمان بە یاساییبوون و دەستوری بوونی ئەو کارە هەیە کە دەیکەین، بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەم سیاسەتە".

بۆریس جۆنسۆن باسی لەوەشکرد، "داننانی دادگاکان بە دەستووری ناساندنی ئەم بڕیارە دڵخۆشم دەکات."

هاوکات، رێکخراوە خێرخوازییەکان و سەرکردە ئاینییەکان رەخنەیان لە پلانی حکومەتی بەریتانیا گرتووە بۆ ناردنی بەشێک لە کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتەی رۆژهەڵاتی ئەفریقا و بە نامرۆڤانە ناویدەبەن.

رۆژی ١٤ی نیسانی ئەمساڵ، بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بۆ ئەوەی کۆچبەران ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە، بریاریانداوە هەر کۆچبەرێک بەنایاسایی بپەرێتەوە بۆ خاکی وڵاتەکەیان، دەیگوازنەوە بۆ وڵاتی رواندا لە کیشوەری ئەفریقا و لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ریککەوتنێکیان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامداوە.













گەلەری