وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق دەکات و دەڵێت، "ئەو هێرشانە بەزاندنی سەروەری خاکی عێراقە."
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی دوێنێی سوپای تورکیا بڵاوکردەوە کە کردیە سەر ناحیەی سنونی قەزای شنگال و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و دەڵێت، "هێرشەکە دامەزراوەی حکومەت و ماڵی هاوڵاتیانی بەئامانج گرتووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان
بەتەواوی سەرکۆنەی ئەو جۆرە هێرشانە دەکەن و بەتەواوی بە بەزاندنی سنور و سەروری
خاکی عێراق لێی دەڕوانن لەلایەن تورکیاوە.
دەشڵێت، ئەو جۆرە هێرشانە هەڕەشەییەکی
جدییە لەسەر ئاسایشی هاوڵاتیانی عێراق.
راگەیەنراوەکە ئەوەشی
خستووەتەڕوو، ئامانجی ئەم هێرشانەی تێکدانی ئاسایشی عێراق و سەقامگیری گەلەكەیەتی،
و پێویستی بە هەڵوێستێكی یەكگرتوو هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی.
باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا
لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە لەبارەی ئەو دەستدرێژییەوە و دوای بەدەستخستنی زانیارییەکان وەزارەت هەڵوێستی پێویستی دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێش نیوەڕۆی
رۆژی پێنجشەممە لە ناحیەی سنونێ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بارەگاکانی ئاسایشی ئێزیدخانی
سەر بە بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی شنگالیان بۆمبباران کرد و تیایدا چوار کەس کە یەکێکیان
منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ بوو گیانیلەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
هاوکات، بەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکی
دیکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سوپای تورکیادا لە قەزای کەلاری سەر بە شاری سلێمانی
چوار کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
ئەمەش لە کاتیکدایە، لەماوەی
چەند ساڵی رابردوودا تورکیا بەشێوەی ناوبەناو بۆمباران و هێرش و ئۆپەڕاسیۆن دەکاتە
سەر هەرێمی کوردستان و لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی ئەوتۆیان
نەبووە لەو بارەیەوە.