بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، وەک دەستپێشخەرییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەردوو دیاردەی بە بیابانبوون و گۆڕانی کەشوهەوا بڕی ١٧ ترلیۆن دینارییان تەرخانکردووە.
ئەمرۆ هەینی، بانکی ناوەندی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بانکی ناوەندی بەهاوکاری وەزارەتی ژینگە و کشتوکاڵ و پەیوەندی بانکەکانی عێراق لە ۆرکشۆپێکدا ژورێکی کارکردنیان پێکهێنا بۆ کارکردن لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و بە بیابانبوون و ئاسایشی نەتەوەیی.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ۆرکشۆپەکەدا ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتان و پەیکی وەزارەت
و پارێزگاکان و بەڕیوەبەرایەتییە گشتییەکان ئامادەبوون.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، مستەفا غالب موخیف پارێزگاری بانکی ناوەندی لە
وتەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا، گۆڕانی کەشوهەوا و دیاردەی بەبیابانبوون و کەمی
ئاو بوونەتە سێکوچکەیەکی مەترسیدار کە مرۆڤایەتی سەرجەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان
و دەوڵەتانی خستووەتە دۆخی ئامادە باشییەوە.
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی
کەشوهەوا و دیاردەی بە بیابانبوون بڕی ١٧ ترلیۆن دینار وەک دەستپێشخەرییەک لەلایەن
بانکی ناوەندییەوە تەرخانکراوە.
دەشڵێت، بڕی یەک ترلیۆن دیناریش بۆبەرهەمهێنانی کارەبا تەرخانکراوە.