سەردێڕ:

وەزیری نەوتی ئێران: عێراق پارەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی گازی داوینەتەوە

PM:05:04:16/06/2022

4636 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، حکومەتی عێراق یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزی کەڵەکەبووی گازی ئێرانی داوەتەوە کە بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لە ئێرانەوە ھاوردەی کردبوو.


جەواد ئەوجی وەزیری نەوتی ئێران لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەھۆی دیبلۆماسیی چالاکی وزە و دوای چەند مانگێک لە دانوستاندن، حکومەتی عێراق، یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار، قەرزی کەڵەکەبووی ساڵانی رابردوو کە پەیوەست بە ھەناردەی گاز بۆ عێراق بوو، داوەتەوە ئێران.

 

وەزیری نەوتی ئێران باسی لەوەشکردووە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ھەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق بەرێژەی ٢٥٪ زیادیکردووە و وەرگرتنی داھاتەکەشی بەرێژەی لەسەدا ٩٠ زیادی کردووە.

ئەمەش لە کاتێدایە، لە ٢٩ی مانگی نیسانی رابردوودا وەزیری کارەبای عێراق، عادل کەریم رایگەیاند، لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر دووبارە ھاوردەکردنی گازی سرووشتی لە ئێرانەوە بۆ وڵات بە مەبەستی کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و دانەوەی قەرزەکان.

دوێنێ چوارشەممە، ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئاشکرای کرد، لەئێستادا حکومەتی عێراق بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، رۆژانە پێویستی بە ھاوردەکردنی ٥٠ بۆ ٥٠٠ ملیۆن مەتر سێجای گازە لە ئێران.

ئاماژەی بەوەش دابوو، لەگەڵ دانەوەی قەرزەکان، ئێران بەڵێنی داوە کە لە دوو رۆژی داھاتوودا، ھەناردەکردنی گاز بۆ عێراق زیاد بکات.

لە ساڵانی رابردووەوە، عێراق بۆ ھاوردەکردنی کارەبا و گاز پشتی بە ئێران بەستووە کە عێراق ھەزار و ٢٠٠ میگاوات کارەبای لە ئێران ھاوردە کردووە.

بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق لەئێستادا ١٩ ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم دەھێندرێت لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان پێویستی بە ٣٠ ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.


 













گەلەری