سەردێڕ:

روسیا ناردنی غاز لە رێگەی نۆرد ستریمی ئەڵمانییەوە بە رێژەی ٤٠٪ کەمدەکاتەوە

PM:09:18:14/06/2022

2304 جار خوێندراوەتەوە

گروپی کۆمپانیاکانی غازپرۆمی رووسی رایگەیاند، هەڵدەستێت بە کەمکردنەوەی رێژەی هەناردەی غاز لە رێگای بۆری نۆرد ستریمی ئەڵمانییەوە بە رێژەی ٤٠٪ی رۆژانە.


ئەمڕۆ سێشەممە، گروپی کۆمپانیاکانی غازپرۆمی رووسی رایگەیاند، هەناردەی گاز بۆ ئەڵمانیا لە رێگای بۆری نۆرد ستریمەوە بە رێژەی ٤٠٪ لە رۆژێکدا کەمدەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کەرەستەی پێویست لە کۆمپانیای سیمینزی ئەڵمانی وەرناگرێت.

ئەو کۆمپانیا رووسییە لە راگەیەندراوێکدا کە لە تەلەگرام بڵاوکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، هەناردەی گاز لە ڕێی بۆری نۆرد ستریمەوە تەنها ١٠٠ مەتر سێجا دەبێت لە رۆژێکدا و  ئەو ١٦٧ مەتر سێجایەی پێشتر بڕیاری لەسەردرابوو، چیتر  ناتواندرێت گەرەنتی بکرێت.

هاوکات مۆسکۆ داوای لە کڕیارانی وڵاتانی دیکە کردووە، بە وڵاتانی ناو یەکێتی ئەوروپاشەوە، پارەی نەوت بە دراوی رووسی واتە رۆبڵس بدەن و دەڵێت ئەگەر ئەو کارە نەکەن، چیدی نەوتیان بۆ هەناردە ناکات.

ئەمە لە کاتێکدایە غازپرۆم پێشووتر هەناردەی نەوتی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپی راگرتبوو کە رەتیان کردبوویەوە پارەی نەوت بە دراوی رۆبڵس بدەن.

لەدوای دەستپێکی ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رایانگەیاند، هەوڵەکانیان بە ئامانجی کەمرکردنەوەی پشت بەستن بە وزەی روسیا بەگشتی و غاز بەتایبەتی چر دەکەنەوە.

روسیا بەڕیژەی ٤٥٪ غازی سروشتی بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دابیندەکات، بەڵام بەهۆکاری سەرهەڵدانی جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە و سەپاندنی سزا ئابوری دارایی و بازرگانییەکان بەسەر روسیادا، هاوردەکردنی غازی سروشتی لە روسیاوە بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دابەزیووە.

پێشتریش حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو تا پێش نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ناتوانێت بەتەواوەتی دەتبەرداری غازی سروشتی روسیابێت.













گەلەری