سەردێڕ:

ئۆپێک لەمساڵدا پێشبینی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوت دەکات

PM:07:27:14/06/2022

1672 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکردنی نەوت راپۆرتی مانگی حوزەیرانی خۆی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، کە پێشبینی دەکرێت خواست لەسەر نەوت هەتا ٣.٤ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرزببێتەوە لەماوەی ئەمساڵدا.


ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکردنی نەوت راپۆرتی مانگی حوزەیرانی بڵاوکردەوە و پێشبینی ئەوە دەکەن خواست لەسەر نەوت لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە رێژەی ٣.٤ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز ببێتەوە.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە کە پێشبینی دەکەن خێرایی گەشەی خواست لەسەر نەوت بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوو لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و ململانێ لەسەر ئابووری نێودەوڵەتی، کەم دەبێتەوە.

ئۆپێک پێشتر پێشبینی بەرزبوونەوەی خواستی لەسەر نەوت لە چارەکی سێیەم و چوارەمی ئەمساڵدا کردبوو، لە هەمانکاتدا بۆ چارەکی دووەمی ئەمساڵ پێشبینییەکانی دابەزاندووە بۆ سێ ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە.

وە بەگوێرەی ئەوەی بلومبێرگ لە زاری نوێنەری ئۆپیکەوە بڵاویکردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا بەکارهێنانی نەوتی جیهانی بە رێژەی ١.٨ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات، لە کاتێکدا کە پێشبینی دەکرێت بۆ ئەمساڵ ٣.٤ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بێت.

باس لەوەشکراوە، ئەم پێشبینیانە هەفتەی داهاتوو لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی گروپەکەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاند، بە نیازن بەرهەمهێنانی نەوت لە هاوینی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبکەنەوە، ئەمەش بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی نەوت کە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا و روسیاوە بەرزبوونەوەیەکی نائاسایی بە خۆیەوە بینیووە.













گەلەری