سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی: بەردەوامدەبین لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتیمانی

PM:01:07:14/06/2022

3792 جار خوێندراوەتەوە

لایەنە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی رایانگەیاند، بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نیشتیمانی کە بتوانێت پێداویستییەکانی هاوڵاتییان دابین بکات.


ئەمڕۆ سێشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتی و هاوپەیمانی عەزم و فراکسیۆنی بابلیۆن و بەشێک لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاکردەوە و تیایدا هاتووە، قۆناغی داهاتوو گرنگە و داخوازی ئەوەدەکات پەلە بکرێت لە تەواوکردنی بەرکەوتە دەستورییەکان.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەروەها پێویستە پەلە بکرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتێکی گونجاو بتوانێت وەڵامدەرەوەی داوکاری و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان بێت و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان دابین بکات و ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەموو لایەک دەستەبەر بکات.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنەکانی دیکەدا هاتووە، داوا لەهەموو هێزە سیاسییەکان دەکەن کە ئەوان ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دەست بەگفتوگۆکانیان بکەنەوە ئەوەس لەوباوەڕەیانەوە کە کومەتی داهاتوو دەبێت بەهێزبێت و توانای پێشکەشکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی هەبێت و پارێزگاری بکات لەسەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و پارێزگاری بکات لە پێگەی عێراقدا لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هەریەک لە باڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و موسەنا سامەرائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم و رەیان کلدانی سەرۆکی جوڵانەوەی بابلیۆن لەماڵی نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوە.

پێشتریش، دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدر و قەبوڵکردنی لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هابوو، رێز لە بڕیارەکەی فراکسیۆنی سەدر دەگرن لە دەستلەکارکێشانەوەیان لە پەرلەمانی عێراق و کار لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتیمانی.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەگەڵ هەموو لایەنەکان کاردەکەن بە شێوەیەک کە گرەنتی به‌شداریی به‌رفراوان بكات و خواست و هیواكانی گەلی عێراقی بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری و ژیانێكی شایسته‌ به‌ده‌ستبهێنێت، هه‌روه‌ها رۆڵ و پێگه‌ی عێراق له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهاندا به‌رز بكاته‌وه‌.













گەلەری