سەردێڕ:

ئایا عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢ بودجەی دەبێت؟

PM:12:24:11/08/2021

2920 جار خوێندراوەتەوە

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت، ئەوا پەرلەمان ناتوانێت پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ پەسەند بکات، هەر بۆیە واباشترە کار بە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ بکرێت.


ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بودجە بەندە لەسەر دۆخی سیاسی وڵات، بەتایبەتی هەڵبژاردنەکان، هەربۆیە ئەگەر لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمان بە ڕێوەبچێت، ئەوا ناتوانرێت یاسای بودجەی ٢٠٢٢ پەسەند بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە دۆخێکی لەم جۆرەدا واباشترە کار بە سیتمی ١٢/١ بکرێت، واتە کار بە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ بکرێت.

ئەحمەد سەفار ئاماژەی بەوەشدا، کات ناتوانێت یارمەتیدەربێت لە تێپەڕاندنی بودجەدا، چونکە پێکهێنانی پەرلەمان و دەستنیشان کردنی دەستەی سەرۆکایەتی و دیاری کردنی سەرۆکی پەرلەمان چوار مانگ دەخایەنێت.

وتیشی، دواتر راسپاردنی گەورەترین فراکسیۆنی براوە بۆ پێکهێنانی حکومەت و ناساندنی وەزیرەکان و پێکهێنانی حکومەت و دەستبەکاربوونی رێگرێکی دیکە دەبن.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، حکومەتی نوێش بەرنامە و کارنامەی خۆی دەبێت و بودجەش رەنگدانەوەی ئەو کارنامەیەدەبێت کە ئەویش بریتیە لە سیاسەتی دارایی و ئابوری حکومەتی نوێ.

دەشڵێت، تەنانەت ئەگەر حکومەتی ئێستا بشتوانێت پرۆژە یاسای بودجە ئامادەبکات پێش هەڵبژاردن، ئەوا هیچ بوارێکی بۆ نەماوەتە تا بڕیار دەربکات بۆ پەسەند کردنی بودجە، چونکە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن حکومەت دەبێتە حکومەتێکی کار بەڕێکەر و مافی ئەوەی نییە پرۆژە یاسای بودجە پێشکەش بکات.

ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق وتیشی، لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردندا لە وادەی خۆی، ئەوا حکومەتی ئێستا دەتوانێت پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ ئامادەبکات و پەسەندی بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات تا پەسەند بکرێت و تێپەڕێنیرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.













گەلەری