سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی: لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ پێکهێنانی حکومەتی خزمەتی نیشتیمانی

PM:09:14:13/06/2022

2928 جار خوێندراوەتەوە

چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ پێکهێنانی حکومەتی خزمەتی نیشتیمانی و چارەسەرکردنی هەموو کێشە سیاسییەکان و تەواوکردنی مافە دەستورییەکان.


ئەمڕۆ دووشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکیان لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکان لە ساحەی سیاسی عێراق دا ئەنجامدا و دواتر راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە چوارچێوەکەیان هیواخواز بووە لەگەڵ تەواوی هێزە سیاسییەکان کار بکات، بەڵام رێز لە بڕیاری فراکسیۆنی سەدر دەگرن لەبارەی کشانەوەیان لە پەرلەمانی عێراق.

باسی لەوەشکردووە، چوارچێوەی هەماهەنگی دوپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بە هەموو شێوەیەک لەپێناو دەستەبەرکردنی بەشداریی فراوان و بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەل بۆ ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی شایستە و باشترکردنی رۆڵ و پێگەی عێراق لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای موقتەدا سەدری رێبەڕی روتی سەدر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی هەر ٧٣ پەرلەمانتارەکەی رەوتەکەی پێشکەش بە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان کرد و دواتریش جەعفەر سەدر کاندیدی سەدر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کشانەوەی خۆی لە کاندید بوون راگەیاند.

لەدوای دەستلەکارکێشانەوەکەی سەدریشەوە میشعان جبوری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سیادە لە تویتەری خۆی سیناریۆی دوای دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدری ئاشکرا کرد و باسی لەوەکرد، حکومەتەکەی کازمی دەمێنێتەوە و پەڕلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت.













گەلەری