لەماوەی دوو مانگی رابردوودا چەندین شەپۆلی خۆڵبارین ناوچە جیاوازەکانی عێراقی گرتووەتەوە و ئەمڕۆ دووشەممەش بۆ جارێکی دیکە بەهۆی شەپۆلێکی نوێوە گەشتی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی بەغدا راگیرا و کەشناسی هەرێمیش دەڵێت، "هەرێم دەگرێتەوە بەشێوەیەکی کەم."
لەماوەی دوو مانگی رابردوودا ماوە ماوە شەپۆلەکانی خۆڵبارین رووی لە عێراق کردووە و نیوەندی هەندێکیان زۆرتر نەبووە لە تەنها هەفتەیەک و تەنها لەو دوو مانگەدا ١٠ شەپۆلی خۆڵبارین رووی لە عێراق کردووە.
لای خۆشیانەوە، پسپۆڕانی بواری ژینگە
باس لەوە دەکەن کە هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ کەمی بارانبارین و گۆڕانکارییەکانی
کەشوهەوا و بەبیابانبوون و عێراق لە لیستی ئەو پێنج دەوڵەتەدایە کە کاریگەری
گۆڕانکاری کەشوهەوای لەسەرە بەهۆی وشکبوونەوە و بەرزبوونوەوەی پلەکانی گەرما کە
دەگاتە نزیک پەنجا پلەی سیلیزی لە هاویندا.
هاوکات، بەڕێوەبەری
گشتی بەشی تەکنیکی وەزارەتی ژینگەیی عێراق لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی
عێراقی هۆشداریدا لەزیادبوونی خۆڵبارین بەتایبەتی دوای بەرزبونەوەی ژمارەی رۆژەکانی
خۆڵبارین بۆ ٢٧٢ رۆژ بۆ ماوەی دوو دەیە کە پێدەچێت لە ساڵی ٢٠٥٠دا بگاتە ٣٠٠ رۆژ
لە هەر ساڵێکدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ ئاسۆ
کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو شەپۆلە
خۆڵبارینەی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتووەتەوە بەشێوەیەکی چڕە و زیاتر لە ناوچە
سنورییەکانی نێوان عێراق و سوریادا کۆبووەتەوە.
بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی
سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی چەند ناوچەیەکی عێراقی گرتووەتەوە
بەشێوەیەکی کەم کاریگەرییەکەی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمدا دەردەکەوێت.