سەردێڕ:

موقتەدا سەدر داوایەکی ئاراستەی حەشدی شەعبی کرد

PM:06:24:12/06/2022

3400 جار خوێندراوەتەوە

رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، نابێت حەشدی شەعبی تێکەڵ بە سیاسیەت و ناکۆکییەکان بکرێت. دەشڵێت، "پێویستە حەشدی شەعبی لە کەسە خراپەکان پاک بکرێتەوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بە بۆنەی تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر دەرکردنی فەتوای "جیهادی کیفائی" لەلایەن عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، نابێت حەشدی شەعبی تێکەڵ بە سیاسیەت و ناکۆکییەکان بکرێت.

دەشڵێت، پێویستە حەشدی شەعبی لە کەسە خراپەکان پاک بکرێتەوە، یەکەم لەپێناو مانەوەی ناوبانگی جیھاد، موجاھیدەکان و خوێنی پاکیان، دووەم لەپێناو بەھێزکردنی عێراق و ھێزە ئەمنییەکان، سێیەمشیان لەپێناو ئەوەی حەشدی شەعبی بە حەشدی نیشتمان بمێنێتەوە.

لە بارەی فەتواکەی مەرجەعییەتیشەوە، موقتەدا سەدر لە راگەیەنراوەکیدا دەڵێت، بەھیچ شێوەیەک نابێت فەتواکەی مەرجەعی باڵا کە تایبەتە بە دامەزراندنی حەشدی شەعبی و رۆڵی گەورەی لە سەرخستنی عێراق ھەبووە، پشتگوێ بخرێت.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیدا، موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەداوە، "سەرکۆنەی ھەموو ئەو کردە خراپانە دەکەم کە لەلایەن ھەندێک لە ئەندامانی حەشدی شەعبییەوە دەکرێت، لێرەوە پێویستە لەسەر ھەمووان حەشدی شەعبی و فەرماندەکانی رێکبخەنەوە و پابەندبن بە ناوەندییەوە، هەروەها پێویستە حەشدی شەعبی لە بەناو گرووپەکانەوە جیابکرێتەوە"

دەشڵێت، نابێت حەشدی شەعبی، تێکەڵ بە سیاسەت، بازرگانی و ناکۆکییەکانەوە بکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەشت ساڵ لەمەوبەر لە رێکەوتی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٤ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بە فەتوای "جیهادی کیفائی" رێگەی بە پێکهێنانی حەشدی شەعبیدا بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە چەکدارییەکان و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان.













گەلەری