سەردێڕ:

ئەردۆغان: لەبەر خودا کوردم خۆشدەوێت

PM:05:28:12/06/2022

12004 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند،"بۆ من هیچ جیاوازییەک لە نێوان برا کوردەکانم و برا تورکەکانمدا نییە، ئێمە ناتوانین جیاوازی بکەین". دەشڵێت، "لەبەر خودا کوردم خۆشدەوێت".


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکیدا لە رێوڕەسمێکی کردنەوەی ژمارەیەک پڕۆژەی بەکۆمەڵی لە گۆڕەپانی بێشیۆل لە شاری وان رایگەیاند، "بۆ من هیچ جیاوازییەک لە نێوان برا کوردەکانم و برا تورکەکانمدا نییە، چونکە ئێمە مرۆڤەکانمان لەپێناو پەروەردگار خۆشدەوێت. ئێمە ناتوانین جیاوازی بکەین".

ئاماژەی بەوەشدا، "لە کاتێکدا کەسانێک لە تیرۆر و جەور و ستەم و خوێنمژیندا تێرناخۆن، ئێمە ویستمان گەلەکەمان لە وان وەک هەموو هاوڵاتییەکی دیکە پشکی خۆی لە پێشکەوتنەکانی دیموکراسی و گەشەپێدان وەربگرێت".

وتیشی، "شتێک کە بە خوشک و براکانمانم گوت لە دیاربەکر، دەمەوێت بۆتان دووبارە بکەمەوە، لە هەر کوێیەکدا ئەو کەسانەتان بینی کە هەر جارێک دەمیان دەکەنەوە ناسنامەکەتان خراپ بەکاردەهێنن و یەخەیان بگرن و لێیان بپرسن 'کێ داوای لێکردوون بە دووبارە چەک هەڵگرتنەوە کۆتایی بە پرۆسەی چارەسەر بێنن؟'، دیسانەوە لێیان بپرسن 'کێ داوای لێکردن و بە بانگەوازی خەڵک بپڕژێنە سەر شەقام و خوێنی مرۆڤەکان بە ناحەق بڕژێنن و پشێوی لە وڵات بنێنەوە؟' با بزانین وەڵامییان چی دەبێت؟ شەڕی ئێمە دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەپێناو ئێوەیە، بەرخۆدانمان لە دژی کودەتاچییەکان لەپێناو ئێوەیە. ئەو ئارەقەی کە دەیڕێژین بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی کە رێگری لە سیاسەتی کار و خزمەتگوزاریمان دەکەن، لەپێناو ئێوەیە".

سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی، کە ترس و دڵەڕاوکێ لە فەرهەنگی ئەواندا بوونی نییە.

لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک نیشتمان و یەک دەوڵەت. ئەوان دەبن بە یەک، دەبن بە برا، گەورە دەبن، زیندوو دەبن، هەموویان دەبن بە تورکیا.













گەلەری