ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەمساڵدا ناتوانرێت پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت. دەشڵێت، "حکومەت دەتوانێت رێکاری دیکە بگرێتەبەر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابوری و دارایی".
ئەمڕۆ یەکشەممە، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، مادەی ٦٢ لە دەستور، دەسەڵاتی تەواوەتی داوەتە حکومەتی فیدڕاڵی تا پرۆژە یاسای بودجە ئامادە بکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئامادەکردنی بودجەش واتە هەبوونی حکومەت، لە دۆخێکدا
حکومەتی نوێ پێکنەهێنرابێت واتە بودجە رەوانەی پەرلەمان ناکرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکردووە، بەهۆی
ناکۆکییە سیاسییەکانەوە پێکهێنانی حکومەت لە ئێستادا کارێکی ئاسان نییە، عێراقیش
چووەتە نیوەی ساڵی داراییەوە تەنانەت ئەگەر لە ماوەی یەک مانگیشدا ئەگەر حکومەت
پێکبهێنرێت ئەوا ئامادەکردنی بودجە دوو مانگی پێویستە، بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە
مانگێکی هەیە تا تەواو دەکرێت و رەوانەی پەرلەمان دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.
دەشڵێت، "بەمەش کاتێک دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دەدرێت و پەسەند
دەکرێت کاتێک دەچینە سێ یەکی کۆتایی ساڵی داراییەوە".
جەمال کۆچەر ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە گوێرەی پێودانگ و پێدراوەکان ئەمساڵ
ناتوانرێت پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت. دەکرێت یاسای ئاسایشی خۆراک
پەسەند بکرێت، یان لایەنە سیاسییەکان پەلەبکەن لە پێکهێنانی حکومەت کە دەسەڵاتی
تەواوەتی هەیە لە ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی ئاشکراکرد، لە ئەگەری
رەوانە نەکردنی پرۆژە یاسای بودجە، ئەوا حکومەت ناچارە بگەڕێتەوە بۆ خەرجییەکان و بەڕیژەی ١٢/١ پەیڕەو
بکات، بەڵام ئەوکات چەندین قەیران سەرهەڵدەدەن لەگەڵ قەیرانی کارەبا بەتایبەت لەکاتێکدا ئێران غاز هەناردەی عێراق
نەکات بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا.