سەردێڕ:

لە دوای ئۆکرانیا؛ پەیوەندییەکانی روسیا لەگەڵ ئەم وڵاتە گرژی تێکەوت

PM:07:15:11/06/2022

3816 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و پۆڵەندا زیاتر لە جاران گرژن و ئەگەرەکانی تێکچونی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە زۆرن.


ئوليگ تيابكين بەرپرسی بەشی ئەوروپی لە وەزارەتی دەروەی روسیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئینتەرفاکس باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و پۆڵەندا کرد.

ئاماژەی بەوەشدا، "پەیوەندییەکانی روسیا لەگەڵ پۆڵەندا هەرگیز ئاوا گرژ نەبووە و ئەم تێکچونەش نە بە هۆی ئێمەوەیە نە بە هۆی پۆڵەنداوەیە."

لەبارەی بچڕانی پەیوندییەکانی روسیا و پۆڵەنداوە ئەو بەرپرسە باسی لەوەکرد، دوور نیە چەندەها سیناریۆی دورکەوتنەوەی روسیا لەگەڵ پۆڵەندا بێنە دی، بەڵام روسیا نابێتە دەستپێشخەر لەو هەنگاوانە.

ئەوەشی خستەڕوو، پۆڵەندا لە ئێستادا یەکێکە لە دەستپێشخەرە سەرسەختەکانی سەپاندنی سزای توند بەسەر روسیادا و بایکۆتکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان، پەیوەندییە ئابووری و تەنانەت کولتوورییەکانیش لەگەڵ ئەو وڵاتە.

ئوليگ تيابكين ئاماژەی بەوەشدا، وارشۆ لەم دواییانەدا کۆمەڵێک هەنگاوی دیکەی نادۆستانەی لە دژی روسیا پەیڕەو کرد، بۆ نموونە دەرکردنی بەکۆمەڵی دیپلۆماتکارانی روسیا لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، بەبێ هیچ هۆکارێک.

وتیشی، "ئێمە هەمیشە پێمان وابووە کە هیچ کێشەیەکی چارەسەرنەکراو لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان لەگەڵ پۆڵەندا نییە، ئێمە بەردەوام ئەم بیرۆکە سادەیەمان گەیاندە هاوبەشەکان لە وارشۆ."

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی سێ مانگ و دوو هەفتەیە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە زۆربەی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە ئاوارەی پۆڵەندا بوون.













گەلەری