سەردێڕ:

چین: ئامادەی جەنگین

PM:01:10:11/06/2022

3780 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگریی چین رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی ئامادەیە لە دژی جوداخوزان بەرگریی لە تایوان بکات و بۆ ئەمەش ئامادەن جەنگ ھەڵبگیرسێنن.


بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین، ڤو چیان بڵاوکراوەتەوە، ڤێی ڤێنگهی وەزیری بەرگریی چین، لەمیانی گفتوگۆیەکەی لەگەڵ ھاوتا ئەمریکییەکەی، پەیامی ئەوەی داوە، ھەوڵەکانی سەربەخۆیی تایوان سەرکوت دەکەن و ئەگەر پێویست بێت لەو پێناوەدا دەجەنگن.

ڤێی ڤینگھی لە کۆربەندی دیالۆگی Shangri-La کە ئەمڕۆ لە سینگاپور دەستی پێکرد، لەگەڵ ئۆستن کۆبووەوە.

وەزیری بەرگریی چین لە کۆبوونەوەکەیدا جەختی لە ھەڵوێست و ھەستیاری وڵاتەکەی لەسەر پرسی تایوان کردووەتەوە و راشیگەیاندووە، "پێداگرین لە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی لە دژی ئەوانەی بوێری ئەوە نیشاندەدەن تایوان لە نیشتمانی دایک جیابکەنەوە."

بەھۆی سەرھەڵدانی جەنگی ناوخۆ لە چین لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە، پارتی کۆمۆنیستی چین بە سەرکردایەتی ماوو زیدۆنگ لە ساڵی ١٩٤٩ دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و کۆماری گەلی چینی راگەیاند، لە بەرامبەردا ئەندامانی پارتی نەتەوەیی چین بە سەرکردایەتی چان کایشێک لە تایوان جێگیربوون و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە دەسەڵاتی "کۆماری چین" کە لە ساڵی ١٩١٢وە دامەزاربوو، لە دوورگەکەدا بەردەوامە و سەربەخۆیان راگەیاندبوو.

ھەرچەندە ئەم ھەوڵە لەلایەن چینەوە قبوڵ نەکرا، بەڵام نوێنەرانی تایوان تا ساڵی ١٩٧١ نوێنەرایەتی چینیان لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرد. بەھۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٠ ژمارەیەکی زۆری وڵاتان پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانیان لە کۆماری چینەوە ئاراستەی کۆماری گەلی چین کرد لە ساڵی ١٩٧١ لە دەنگدانێکی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، بڕیاردرا کە حکومەتی پەکین بە تاکە نوێنەری شەرعی چین بناسرێت و پێگەی تایوانیش لە سەکۆی نێودەوڵەتییدا بە پێناسەنەکراوی مایەوە.














گەلەری