سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی سوید: ئەندامبوونمان لە ناتۆ کاتی پێویستە

PM:10:10:10/06/2022

3156 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند، ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کاتی پێویستە.


ئان لیندە وەزیری دەرەوەی سوید لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، نایەوێت لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ کە لە کۆتایی مانگی حوزەیران لە ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، قسە لەسەر ئەندامێتی سوید لە رێکخراوەکەدا بکات.

وەزیری دەرەوەی سوید هیوای خۆی بۆ دەرەنجامێک کە جێگەی رەزامەندی هەمووان بێت دەربڕی و وتی، "هەرچەندە پرۆسەی ئەندامبوون لە ناتۆ کاتی پێویستە، بەڵام هیوادارم هەمووان بە کۆتاییهاتنی دڵخۆش بن".

وتیشی، "ئەم هیوایە ئەوەیە کە ئێمە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە بین و نیگەرانییەکانی تورکیا بە جددی وەردەگرین".

پرۆسەی ئەندامبوون هەر وڵاتێک لە رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، پێویستی بە رەزامەندی هەر ٣٠ ئەندامی رێکخراوەکە هەیە.

پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەی راگەیاندبوو، رەزامەندی وڵاتەکەی بۆ ئەندامبوونی سوید و فینلاند بە ناتۆ پەیوەستە بەوەی کە ئەم دوو وڵاتە تا چەند نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا لەبەرچاو دەگرن.













گەلەری