سەردێڕ:

لیرەی تورکی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی

PM:01:32:10/06/2022

16428 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای راگەیاندراوی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندنی و چەند ناوەندێکی دیکەی تورکیا لە هەوڵەکانیان بۆ بووژاندنەوەی ئابوری وڵات، بەڵام لیرەی تورکی دابەزینی نوێی تۆمارکرد.


ئەمڕۆ هەینی، لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک هەزار و ٧٢٤ لیرەی تورکی بەرامبەر بە ١٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو، لیرەی تورکی تا هەزار و ٦٨٠ دۆلار دابەزیبوو، وەزارەتی دارایی و خەزینەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەند رێکارێکی دیکەی نوێ دەگرنە بەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵئاوسانی ئابوری لە وڵاتەکەدا و دۆزینەوەی چارەسەر بۆی.

رۆژی سێشەممە لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ١.١٪ی بەهاکەی لەدەستدا لە دوای وتارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاوە بۆ دابەزاندنی نرخی سوودەکان.

شەوی دووشەممەی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، لەوتارێکیدا هەوڵیدا ئەو بازدانە ساڵانەیە کەمبکاتەوە کە لەهەڵئاوسانی ساڵانە لە مانگی رابردوووە دەستی پێکردووە و ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی هەڵئاوسان لە وڵاتەکەدا پەنا دەبەنە بەر کەمکردنەوەی رێژەی سوودەکان.

بەپێی میدیاکانی تورکیا، لە ماوەی رابردوودا لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا کاریگەرییان هەبووە لەسەر دابەزین و بەرزبوونەوەی بەهای لیرە.

لە مانگی ١٢ی ساڵی رابردوودا، لیرە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی تۆمارکرد کە ١٨ لیرە بەرامبەر بە دۆلارێک بوو.

پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن و سیاسەتەکانی ئەردۆغان بە هۆکاری دابەزینی بەهای لیرە دادەنێن، ئەوەش بەهۆی بانگەشە بۆ ئابوری سەربەخۆ و سیاسەتی کەمکردنەوەی رێژەی سوودەوە.

لەبەرامبەریشدا، ئەردۆغان بەردەوام رەتیدەکاتەوە ئامادەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات و رایگەیاند، دەبێت بوەستن تاوەکو لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.













گەلەری