ئاژانسی فڕۆکەوانەی و بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا 'ناسا' رایگەیاند، دوای ٢٧ ساڵ بۆ یەکەمجار لە ئوستڕالیاوە رۆکێتێکی ئاراستەی بۆشایی ئاسمان کرد.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی زە سیدنی مۆرنینگ، ئانتۆنی ئالبانێز سەرۆکوەزیرانی ئوستڕالیا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە لە ساڵی ١٩٩٥وە تا ئێستا، یەکەمجارە کە ناسا لە ئوستڕالیاوە رۆکێت ئاراستەی بۆشایی ئاسمان بکات.
ئانتۆنی ئالبانێز باسی لەوەش
کردووە، ناسا سێ رۆکێتی پێکەوە ئاراستەی بۆشایی ئاسمان کردووە و لە رێی ئەم پڕۆژەیەشەوە
پیشەسازی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، بوونەتە یەک بۆ گواستنەوەی کەرتی بۆشایی ئاسمانی
ئوستڕالیا بۆ قۆناغێکی نوێ.
لای خۆشییەوە، ئێد هوسیک وەزیری
زانست و پیشەسازی ئوستڕالیا ئاماژەی بە قوڵی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا
کردووە، لە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیەدا و رایگەیاند، "بۆشایی ئاسمان، لە بوارە
هەرێمییەکانیشدا ئابووریمان بەهێز دەکات و دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلیکار لە بوارە
جیاوازەکاندا".
جێی ئاماژەیە ئەو سێ رۆکێتە
بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکانی وەک "چۆنییەتی کاریگەری تیشکی ئەستێرەکان
لەسەر بەرگەهەوای دەوری هەسارەکان" بەکاردەهێندرێن.
هاوکات، بڕیاریشە
ناردنی رۆکێتەکان بۆ بۆشایی ئاسمان، رۆژی ٢٦ی حوزەیران، دەستپێبکات و تا ١٢ی تەمووز
بخایەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش ٧٥ کارمەندی ناسا لە ئوستڕالیا دەبن.