سەردێڕ:

یۆنامی: عێراق پێویستی بە بەرپرسانێک نییە چەکداربن و خۆیان بە سەرکردە بزانن

AM:08:50:09/06/2022

1716 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێرەوە هەڵوێستی خۆی رایگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، "پێشتریش وتوومانە، عێراق پێویستی بە کۆمەڵێک بەرپرسی چەکدار نییە خۆیان وەک سەرکردە بسەپێنن".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق 'یۆنامی' لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێرەوە لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی هێرشی کردە سەر رێگای سەرەکی نێوان هەولێر – پیرمام و بەهۆیەوە چەند اهاوڵاتییەکی سیڤیل برینداربوون کارێکی تێکدەرانەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، "پێشتریش وتوومانە، عێراق پێویستی بە کۆمەڵێک بەرپرسی چەکدار نییە خۆیان وەک سەرکردە بسەپێنن".

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیدا یۆنامی جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتی دەوڵەت کارێکی بنەڕەتییە، هەر بۆیە پێویستە ئەگەر تاوانکاران ناسراون ئەوا پێویستە دەستنیشان بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو دەنگێکی بەهێز لە شاری هەولێر بیسترا و دواتریش دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، رووداوەکە تەقینەوە بووە و بەهۆی درۆنێکی بۆمبرێژکراوەوە بووە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تیش، ئەو شوێنەی درۆنەکەی لێکەوتووەتە خوارەوە چاڵ بووە.

دژە تیرۆری کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی رووداوی تەقینەوەکەی هەولێر بڵاوکردەوە و ئەوەی خستبووەڕوو، "بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، کاتژمێر ٩:٣٥ـی ئەمشەو درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی دەکێشێت بەسەر رێگای پیرمام هەولێر، بەهۆی رووداوەکەوە سێ هاوڵاتی بەسووکی بریندار بوون و زیانی ماددی بە خواردنگەیەک و چەند ئۆتۆمبێلێک کەوتووە."

لەلایەن خۆیەوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو شوێنەی درۆنەکەی لێئاڕاستە کراوە هەمان ئەو شوێنەیە کە جارەکانی رابردوو موشەکیان لێوە ئاڕاستەکراوە.

ئەوە جاری یەکەم نییە بە موشەک یاخود هاوەن و درۆن هێرشدەکرێتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەماوەی رابردووشدا چەندین جار ئەو جۆرە هێرشانە روویانداوە.

لە یەکێک لە رووداوە دیارەکان و هێرشکردنە سەر هەولێر، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەزگای دژەتیرۆری ھەرێمی کوردستان، بەرەبەیانی ١٣ی ٣ی ٢٠٢٢، ١٢ موشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاراستەی شاری ھەولێر کران کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.

موشەکەکان بەر ماڵی شێخ بازی سەرۆکی کۆمپانیای کار کەوت، دواتریش سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و باسی لەوەکرد، "بنکەیەکی سیخوڕیکردنی ئیسرائیلیان بۆردومانکردووە."













گەلەری