سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداریدایە فراکسیۆنی سەدر

PM:07:31:07/06/2022

2924 جار خوێندراوەتەوە

سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبارەی بانگەشەی رەوتی سەدر بۆ سازکردنی خۆپیشاندان بە ئامانجی پشتگیری کردنی ئەو هێزە سیاسییانەی یاسای ئاسایشی خۆراکیان پێشکەش کردووە. دەشڵێت، "تێوەگلاندنی خەڵکی لە پرۆسەی تێپەڕاندنی یاساکە دەبێتە هۆی پشێوی نانەوە لە وڵاتدا".


ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی فەتلاوی سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا ناوخۆییەکان رایگەیاند، چەند لایەنێکی سیاسیی هەن کە شەقامی عێراقی لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن و هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە خەڵکی هان بدەن خۆپیشاندان بکەن بە مەبەستی تێپەڕاندنی یاسای ئاسایشی خۆراک و رێگری بکەن لە پەسەند نەکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، ئەمەش پێشێلکاری دەستوورە.

ئەوەشی خستەڕوو، داواکارییە راستەقینەکانی خۆپیشاندەران دەبێت دوور بێت لە بەرژەوەندی کەسی و سیاسی، هەروەها چەندین رێگای دیکە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وانەبێژان و خاوەن گرێبەستەکان، دوور لە پێشێل کردنی دەستوور و یاسا.

ئەمە لە کاتێکدایە، جیاوازییە سیاسییەکان لەسەر یاسای ئاسایشی خۆراک زیاتر دەبن و کوتلەی سەدر و هێزە هاوپەیمانەکانی سوورن لەسەر پەسەندکردنی یاساکە.

ئەمڕۆش، نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا هابوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق لە دانیشتنی سبەینێدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک دەدات.

لایخۆشیەوە حسین ئەلکعبی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، لیژنەكەی دەنگ لەسەر تەواوی بڕگەكانی پرۆژەیاسای ئاسایشی خۆراك دەدات و رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەكات.

هاوکات، حکومەتی کاربەڕیکەری عێراق پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراکی پێشکەش بە پەرلەمانی عێڕاق کردووە و تا ئێستا یەک خوێندنەوە بۆ یاساکە کراوە.

پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک پەسەندبکات پێویست ناکات حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێندرێت.













گەلەری