سەردێڕ:

بڕی سزادانی بڕینەوەی هەر درەختێک ئاشکرا کرا

PM:05:58:07/06/2022

2520 جار خوێندراوەتەوە

ئەمیندارێتی بەغدا رایگەیاند، شارەوانی پلانی گەشەپێدانی گشتی پایتەخت تا ساڵی ٢٠٣٠ پەسەند دەکات، دەشڵێت، "بڕی پێنج ملیۆن دینار وەک سزا لە هەر کەسێک وەردەگیرێت کە درەختێک دەبڕێتەوە".


ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد روبەیعی وتەبێژی ئەمیندارێتی بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، بڕی پێنج ملیۆن دینار وەک سزا لە هەر کەسێک وەردەگیرێت کە درەختێک دەبڕێتەوە.

ئاشکراشی کرد، لە رێگەی شانەیەکی چاودێرییەوە سەرجەم ناوچەکانی ناو شاری بەغدا دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە بەمەبەستی پاراستنی درەختەکان.

محەمەد روبەیعی باسی لەوەشکرد، شارەوانی پلانی گەشەپێدانی گشتی پایتەخت تا ساڵی ٢٠٣٠ پەسەند دەکات کە لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا ١٥ رۆژە دەستیان کردووە بە هەڵمەتی "بەغدار سەوزدەکرێت" و بڕیارە ١٠ هەزار نەمام بڕوێنرێت.

محەمەد روبەیعی وتەبێژی ئەمیندارێتی بەغدا ئەوەشی خستەڕوو، بە پشت بەستن بە پرۆژەیاسای ١/١٢ هەڵدەستێت بە بنیادنانەوە و دەستکردن بە پرۆژەی ئاوەدانییەکان لە شارەکانی عێراق.

وتیشی، دەست بە چاککردنەوەی ١٥٥ شەقام دەکەن و ئەمەش ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران دروست دەکات و بەم هۆیەشەوە داوای لێبووردن لە خەڵکی پایتەخت دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ١٥٥ شەقامە لە ماوەی ٦٠ رۆژدا چاکدەکرێنەوە و ٥ پردی نوێش دەکرێنەوە. هاوکات، ئەوەشی خستەڕوو، خەونی بەغدا ئەوەیە کە مێترۆیەکی ٦٤ کیلۆمەتری دروست بکات، بەڵام کێشەیان لە بودجەدا هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە، موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی راگرتنی سەرجەم پرۆژە بێسوودەکانی دەرکردووە و وتیشی شارەوانیی پلانی گەشەپێدان پەسەند دەکات تا ساڵی ٢٠٣٠ تاکو پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت.













گەلەری