سەردێڕ:

لاڤرۆڤ: ئەگەر سەردانەکەم بۆ سڕبیا وەک هەڕەشەیەک بۆ جیهان ببینرێت ئەوا مانای وایە دۆخی رۆژئاوا خراپە

PM:11:58:06/06/2022

3600 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی رووسیا، دەربارەی رێگرییكردن لە سەردانەکەی بۆ سربیا رایگه‌یاند، ئەگەر ئەم سەردانە وەکو ھەڕەشەیەک لەسەر ئاستی جیھانی ببینرێت، مانای ئەوەیە کە دۆخی رۆژئاوا خراپە.


سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی بەشێوەی ئۆنڵاین سەبارەت به‌ ژماره‌یه‌ك پرس ئەنجامدا و رایگەیاند، ئەنجامنەدانی گەشتە فەرمییەکەی ئەمڕۆی بۆ سربیا بەھۆی داخستنی کایەی ئاسمانیی هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی بولگاریا، مۆنتینیگرۆ و مه‌قدۆنیای باکوور بەرووی فڕۆکەکەی دا بووە و ئەوەش بڕیارێک بووە کە هاوشێوەی نەبووە.

وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، کە ھێشتا روونکردنەوەیەکی فەرمی لەو وڵاتانەوە بە مۆسکۆ نه‌گه‌یشتووه‌ و سەبارەت بە رێگرییكردن لە سەردانەکەشی بۆ سربیا رایگەیاند، "ئەمە لە نێو یەکێتی ئەوروپا و ناتۆدا وەکو بنەمایەکی لێھاتووە و تاکو دێت زیاتر لە راستییەکان دەترسن".

ئەوەشی خستەڕوو، خودی رۆژئاوا لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی سربیا لەگەڵ رووسیادا پره‌نسیپی "وڵاتان مافی ھەڵبژاردنی ھاوبەشی خۆیان ھەیە"ی پێشێل کردووە.

وتیشی، بە بڕوای رۆژئاوا، سربیا ھیچ بژاردەیەکی نییە، ھیچ ئازادییەکی نییە بۆ ھەڵبژاردنی ھاوبەشەکانی. ئەمە بێ رێزییە، بەڵام بۆ ئێمە ھیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا باسی لەوەشکرد، ھیچ کەسێک ناتوانێت پەیوەندییەکانی روسیا و سربیا تێکبدات و تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، ھاوتا سربییەکەی بۆ مۆسکۆ بانگھێشت کردووە و ھیوای خواست یەکێتیی ئەوروپا رێگە لە فڕۆکەکەی ئەویش نەگرێت لەکاتی ھاتنی بۆ رووسیا.

لەبارەی بەئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ، وەزیری دەرەوەی روسیا ئاشکرای کرد، تاکە شت کە پەیوەندی بە ئەوانەوە ھەیە ئەوەیە کە ئەگەر سوید و فینلاند بچنە نێو ناتۆوە، ئەوا ھەڕه‌شەیەکی راستەخۆ بۆ سەر ئاسایشی روسیا دروست دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی روسیا لە ئۆکرانیا، جگە لەسەپاندنی چەندین سزای ئابوری و بازرگانی و دارایی و سزای سەر کەرتی وزەی روسیا لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانییانەوە، ژمارەیەک وڵاتیش رێگەی ئاسمانی وڵاتەکانیان بەڕووی فڕۆکە روسییەکاندا داخست.













گەلەری