سەردێڕ:

ئەیاد عەلاوی دەستپێشخەرییەکی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی عێراق راگەیاند

PM:02:04:05/06/2022

2564 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی رایگەیاند، بۆ تێپەڕبوونی دۆخی چەقبەستووی عێڕاق پێویستە چەند هەنگاوێک بنرێت و دەشڵێت، "پۆستی سەرۆک وەزیران ململانێی راستەقینەیە لە نێوان لایەنەکان."


لە راگەیەندراوێکدا ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی رایگەیاند، "بڕیارماندا دوای چەندین داواکاری کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەییەکان وەک ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی و وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و ئەخلاقی دەستپێشخەرییەک بکەین کە دۆخی سیاسی وڵات بگۆڕێت."

لە بەشی یەکەمی دەستپێشخەرییەکەیدا ئەیاد عەلاوی باسی لە دەستوری عێڕاق کردووە و ئاماژەی بەوەداوە، هیچ شتێک لە رێزگرتنی دەستوری عێراق گەورەتر نییە و دەشڵێت "بۆ پاراستنی یەکڕیزی وڵات و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەل و پێویستە چەند هەنگاوێک بۆ دەرهێنانی دۆخی سیاسی لەم چەقبەستوییە بنرێت."

لەبارەی هەنگاوەکانیشەوە سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی ئەوەی خستووەتەڕوو، دەبێت هەنگاوەکان لە وەستاندنی پێشێلکاری دەستووری و هەڵبژاردنی حکومەتێکی کاتی کە کار بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بکات دەستپێبکات و ئەو حکومەتە بەرپرسیارێتی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆنێکی نوێ بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و لە ئەستۆ بگریت کە تێیدا متمانەی گەلی عێراق بەدەست بهێنێت.

هەر لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە ئەیاد عەلاوی دەڵێت، "پەسەندکردنی یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن کەتێیدامەرجەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بە شێوەیەک دادپەروەرانە نوێنەرایەتی گەلی عێراق بکات."

لەبارەی ململانێکانی لایەنە سیاسیەکانی عێراق بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەداوە، پۆستی سەرۆکوەزیران ململانێیەکی راستەقینەی لایەنەکانە و پێویستە سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو لە حكومەتی كاتیدا ئازادی پێبدرێت بۆ هەڵبژاردنی وەزیرەکانی حکومەتەکەی بەو مەرجەی ئەو کەسانەی دەستنیشانیان دەکات دەستپاک و گونجاو بن و ئەو سەرۆک وەزیرانە بتوانێت كاروباری وڵات بەڕێوەببات و بەرنامەیەكی حكومی جێبەجێ بكات کە تێیدا پێداویشتییەکانی گەل جێبەجێبکرێت.

هاوکات ئەیاد عەلاوی لەبارەی تایبەتمەندییەکانی ئەو کەسەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کاندید دەکات دەڵێت، "پێویستە ئەو کەسە ئازا و دەستپاکبێت بەشێک نەبێت لە ململانێی سیاسی و باشترە سەربەخۆبێت و سەر بە هیچ لایەنێک نەبێت، رێزی دەستور بگرێت.

باسی لەوەشکردووە، نابێت هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانیا داهاتوو لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی تاکە کەسیبێت بەڵکو بەپێی راوێژکارییە نیشتمانییە بەرفراوانەکان بێت ودوربێت لە هەموو دەستێوەردانێکی نێودەوڵەتی یان ناوچەیی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە دوای هەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمەوە هێشتا لایەنە سیاسیەکانی عێڕاق نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.













گەلەری