سەردێڕ:

بۆریل: هیواکانی دووبارە ژیانەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەرە و لاوازی دەچن

PM:10:54:04/06/2022

1028 جار خوێندراوەتەوە

رێکخەری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەگەرەکان بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێک بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە کەمبوونەوەدایە.


جۆزیف بۆریل رێکخەری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لەگەڵ ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران گفتووگۆیەکیان ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا ئەگەری ئەوە هەیە کە هەوڵێکی زیاتر بدرێت بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی. دەشڵێت، " وەک رێکخەرێک ئامادەم بۆ ئاسانکاری کردن بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە دانوستانەکانی ئەتۆمی ئێراندا کاری خۆم بکەم."

هاوکات، میخائیل ئولیانۆڤ نوێنەری روسیا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەننا رایگەیاند، ئەگەری سەرکەوتنی دانوستانەکانی ڤیەنا بە ئامانجی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ئاڵۆزتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر دەستەی پارێزگارانی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بڕیاریکی نەگونجاو یان سەیر لەبارەی ئێرانەوە بدەن ئەنجامدانی رێککەوتنی ئەتۆمی قورستر دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رێککەوتنی ڤیەننا لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بە سستی بەڕێوە دەچێت و پێشتر ئێران رایگەیاند، لە رێگەی رێکخەرە ئەوروپییەکانەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنەکە بەردەوامە.













گەلەری