سەردێڕ:

عێراق یەکەم هەنگاوی بە ئامانجی کەمکردنەوەی خۆڵبارین گرتەبەر

PM:09:20:04/06/2022

10312 جار خوێندراوەتەوە

ئەمیندارێتی بەغدا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی بەبیابان بوون و کەمکردنەوەی خۆڵبارین لە شاری بەغدا دەستی پێکرد. دەشڵێت، "لە قۆناغی یەکەمدا هەزاران درەخت دەچینرێت بە ئامانجی گۆڕینی بەغدا بە ناوچەیەکی سەوز".


ئەمڕۆ شەممە، عەمار موسا کازم ئەمینداری پارێزگای بەغدا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی بە بیابان بوون و خۆڵبارین لە "نۆکەندی سوپا"وە یەکەم قۆناغی هەڵمەتی چاندنی هەزاران درەخت لە شاری بەغدا دەستی پێکرد.

ئاماژەی بەوەشداوە، "نۆکەندی سوپا" دەکەوێتە بەشی رەسافەی شاری بەغدا و شوێنێکی گرنگە و ماوەیەکە پشتگوێخراوە.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەڵمەتەکە لەسەر رووبەری چوار دۆنم زەوی دەستی پێکردووە بە ئامانجی گۆڕینی ناوچەکە بۆ ناوچەیەکی سەوز و دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ شاری بەغدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەم ساڵدا زیاتر لە ٢٠ شەپۆلی خۆڵبارین رووی لە هەرێم و عێراق کردووە و لەو ژمارەیەش بەگوێرەی کەشناسی عێراق ١٠ شەپۆلی خۆڵبارینی چڕ رووی لە وڵات کردووە و بەهۆییەوە سەدان کەس رەوانەی نەخۆشخانە کران و ژمارەیەکیش هاوڵاتیی گیانیانلەدەستدا.

هەر ئەمڕۆ، کەشناسی عێراق رایگەیاند، لەمڕۆوە شەپۆلێکی دیلەی خۆڵبارین روو لە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی وڵات دەکات و پلەکانی گەرماش دادەبەزن.













گەلەری