جارێکى دیکە سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، پێش ئەوەى ببنە ئەندام لە ناتۆ پێویستە سوید و فینلاند داواکارییە ئەمنییەکانى تورکیا جێبەجێ بکەن.
فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە، نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا سەبارەت بە داواکارییەکانی سوید و فینلاند بۆ ئەندامێتی لەسەر بنەمای دادپەروەرانە و رەوا دامەزراوە.
ئەردۆغان بە یانس ستۆڵنبێرگى سکرتێرى ناتۆى راگەیاندووە،
پێویستە سوید و فینلاند بە روونی ئەوە بخەنەڕوو وازیان لە پاڵپشتیكردنی گروپە دژەکانى
ئەنقەرە هێناوە و گەمارۆكانی سەر توركیایان هەڵگرتووە و ئامادەن هاوسۆزیی هاوپەیمان
نیشان بدەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژى ١٨ى مانگى رابردوو هەردوو وڵاتى
ئەسکەندەناڤى، سوید و فینلاند داواى بە ئەندامبوونیان لە رێکخراوى هاوپەیمانى
باکورى ئەتڵەسى ناسراو بە ناتۆ پێشکەش کرد، بەڵام بەهۆى دژایەتیکردنى تورکیا تا ئێستا
ئەندامێتییەکەیان بە فەرمى وەرنەگیراوە.