سەردێڕ:

کچێک کە رفێنرابوو لە هەوڵی خۆ رزگارکردندا گیانیلەدەستدا

PM:10:24:29/05/2022

9844 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ کە رێکخراوێکە تایبەت بە هەواڵی پێشێلکارییەکانی دژ بە مافی مرۆڤ کار دەکات رایگەیاند، کچێکی گەنجی خەڵکی دیواندەرەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەلایەن دوو کەسەوە رفێنرابوو، لە رێگای شاری کامێران خۆی لە ناو ئۆتۆمبێلەکە خستە خوارەوە و دەستبەجێ گیانیلەدەستدا.


ئەمرۆ یەکشەممە، رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کچەکە ناوی "سۆما رەزایی بووە" و تەمەنی ٣٤ ساڵ بووە.

دەشڵێت، کاتژمێر ١٠ی شەوی هەینی شەشی ئەم مانگە لە کاتێکدا لەلایەن دوو کەسەوە رفێندراوە بەمەبەستی خۆدەربازکردن، لە ئۆتۆمبێلەکە خۆی فڕێدەداتە خوارەوە گیانیلەدەستداوە.

راگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە، بە وتەی چاوگێکی ئاگادار، سۆما رەزایی خوێندکار بووە و لە کاتی چوونی بۆ خوێندن لەلایەن ئەو دوو کەسەوە رفێنراوە.

هاوکات، بەرپرسی پۆلیسی شاری سنەش ئەمڕۆ رایگەیاند، دوو تۆمەتبارەکە وەکو گەشتیار ئەو کچەیان سوار کردووە و دوای ئەوەی کە ویستوویانە بەلارێدا بڕۆن کچەکە خۆی خستووەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە.

بەرپرسی پۆلیس ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوو تۆمەتبارەکە دوای چەند کاتژمێر لەو رووداوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

 


ل . ل

کـ - ئـ













گەلەری