سەردێڕ:

زیلینسکی وادەی رێککەوتنی لەگەڵ روسیا ئاشکرا کرد

PM:06:45:29/05/2022

4228 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی نزیکە لە سەرکەوتن و ئەگەر بتوانن دەست بەسەر ئەو ناوچانە بگرنەوە کە سوپای روسیای تێدایە ئەو وڵاتە رازیدەبێت بە رێککەوتن لەگەڵ روسیا.


ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، سوپای ئۆکرانیا نزیکە لەوەی لە رووی تەکنەلۆجیای جەنگ و هێزی هێرشبردنەوە لە سوپای روسیا بەهێزتر بێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر سوپای ئۆکرانیا بتوانن هەموو ئەو خاکەی لە ژێر دەستی سوپای روسیادا هەیە بەدەستی بێننەوە روسیا ئامادە دەبێت لەگەڵ ئۆکرانیادا رێکبکەوێت.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی ئەوەشی خستووەتەڕوو، روسیا لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە دەستی کردووە بە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا و خاکی زۆری ئەو وڵاتەی داگیرکردووە و ئۆکرانیا ناتوانێت هەموو ئەو خاکە لە رێی هێرشی سەربازییەوە بەدەست بێنێتەوە بەڵکو پێویستە بەشێکی بە رێی گفتووگۆ بێت.

هاوکات، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، بەردەوام پڕ چەک کردنی کیێڤ لە لایەن وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکاوە کاریگەری هەیە لەسەر بەردەوامبوونی ئاڵؤزییە چەکدارییەکان و روسیا هێشتا ئامادەی هەموو دانوستان و رێککەوتنێکە لەگەڵ ئۆکرانیا.

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و روسیا وەستاندنی جەنگەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربونی ئۆکرانیا لە داواکەی بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ.













گەلەری