سەردێڕ:

روسیا بەرواری سەرکەوتن لە جەنگی راگەیاند

PM:09:07:28/05/2022

3864 جار خوێندراوەتەوە

روسیا دەیەوێت چالاکییە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا چڕتر بکاتەوە هەتا بتوانێت لە چەند مانگی داهاتوودا سەرکەوتن لە جەمگی ئۆکرانیادا رابگەیەنێت.


ماڵپەڕی میدوزا روسی، کە وەک دەزگایەکی سەربەخۆ خۆی ناساندووە لە روسیا لە سەر زاری چەند بەرپرسێکی سەربازی روسی بڵاویکردەوە، سەرکردە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە پلانیاندایە هێرشە سەربازییەکانیان لە ئۆکرانیا چڕتر بکەنەوە.

دەشڵێن، روسیا دەیەوێت لە چەند مانگی داهاتوودا سەرکەوتنی لەو جەنگە رابگەیەنێت.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بەرپرسانی روسیا گفتوگۆی هێرشکردنە سەر کێیڤ دەکەن و رەنگە هێرشەکان فراوانتر و بەهێزتر بکەن.

ماڵپەڕەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، روسیا دەیەوێت هەتا پایزی داهاتوو کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و سەرکەوتن رابگەیەنێت."

هاوکات، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی روسیا، رایگەیاند، شاری بەندەری کراسنی لە ناوچەی دۆنێتسک لەلایەن هێزەکانی روسیاوە کۆنترۆڵ کراوە و هێرشەکانی روسیا بەردەوام دەبێت.

ئاشکراشیکرد، سوپای وڵاتەکەی لە رێگەی مووشەکی زۆر هەستیارەوە ناوەندەکانی فەرماندەیی سوپای ئۆکرانیایان لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی باهموت و سۆلێدار کردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشدا، سوپای روسیا پێنج خاڵی چاودێری فەرماندەیی و چوار کۆگای تەقەمەنی لە میرۆنۆڤکا، ناوچەکانی نیشتەجێبوونی باهموت و سۆلێدار و نیرکۆڤۆ لە ناوچەی دۆنێتسکی خاپورکردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە زیاتر لە سێ مانگە هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوامە و لە سەرەتای جەنگدا روسیا رایگەیاند، لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا کۆنترۆڵ دەکەن، بەڵام نەیتوانی و تا ئێستاش ئەو وڵاتە هیچکام لە ئامانجەکانی هێرشەکانی لە ئۆکرانیادا نەپێکاوە.













گەلەری