سەردێڕ:

روسیا مەرجی خۆی بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ جیهان ئاشکرا کرد

AM:09:07:27/05/2022

2900 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی روسیا رایگەیاند، روسیا ئامادەیە هاوکاری جیهان بکات لە کەمکردنەوەی قەیرانی کەمی خۆراک بەمەرجی هەڵگرتنی سزاکانی خۆرئاوا لەسەر وڵاتەکەی.


ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رایگەیاند، روسیای فیدڕاڵی ئامادەیە بەشدارییەکی گەورەبکات لە تێپەڕاندنی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا بە ناردنی دانەوێڵە و پەینی کیمیایی بۆ واڵاتانی جیهان بەمەرجی هەڵگرتنی ئەو سزایانەی سەر وڵاتەکەی کە بە پاڵنەری سیاسی سەپێنراون.

هەریەک لە ئۆکرانیا و خۆرئاوا، روسیا بە دروستکردنی کێشە و قەیرانی خۆراک لە جیهاندا تۆمەتباردەکەن، بەوەی بەردەووام هەڕەشە لە جیهاندەکات بە نەناردنی دانەوێڵە و ئەو بڕە خۆرکەی لە روسیاوە بۆ جیهان دابین دەکرێت، لەبەرامڤبەردا روسیاش دەڵێت، ئەو تەنها بەرگری لە خۆی دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، لە سەرەتای دەست پێکردنی جەنگەوە، زیاتر لە شەش هەزار تەن خۆراکی رەوانەی لوبنان و تاجکستان و قیرغیزستان و یەمەن و سودان و کوبای کردووە لە رێگەی بەرنامەی خۆراکی جیهانییەوە، گەنمیشی بۆ هەریەک لە سودان و کوبا ناردووە لە رێگەی پەیوەدنییەکانیانەوە.

دەشڵێت، خۆرائاوا و ئۆکرانیا بە بێ هۆ روسیا تۆمەتباردەکەن لە دروستکردنی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا، بەڵکو ئەوە ئۆکرانیا بەندەرەکانی دەریای رەشی لە نزیک ئۆدێسا و نیکۆلاییڤ و خێرسون مین رێژکردووە و ئاستەنگی بۆ کەشتی و بارهەڵگرەکان دروست کردووە.

لەلایەن خۆیەوە، ئەندرییە ئەنتیکۆڤ شارەزای روسی لە بواری سیاسەتدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستادا ٧٣ کەشتی گەورەی بارهەڵگری بیانی لە بەندرەکانی ئۆدێسا و نیکۆلاییڤ لە دەریای رەش گیریان خواردووە و بارکراون لە خۆراک کەناتوانن بیگەیەنن بە جیهان بەهۆکاری ئەو ئاستەنگانەی ئۆکرانیا دروستی کردوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، روسیا و ئۆکرانیا یەک لەسەر سێی خۆراک و دانەوێڵەی جیهان و گەنم بەتایبەتی دابین دەکەن و لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی روسیا لە ئۆکرانیاوە قەیرانی کەمی خۆراک لە جیهاندا سەری هەڵداوە و نرخی خۆراک و زەیت و گەنم و ئارد و نان بەرزبووەتەوە.













گەلەری