سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی دانیشتنەکەی پلاسخارت و شەش لایەنەکە

PM:10:54:26/05/2022

4876 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و ئەندامی شاندی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شەش لایەنە سیاسییەکەی هەرێم و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند پلاسخارت وتویەتی، "پار ساڵ لە هەولێر پەیامێکی روونم لەسەر دۆخی هەرێم داوە، بەڵام گوێم لێ نەگیراوە."


کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و ئەندامی شاندی دانوستانکار لە کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پلاسخارت وتویەتی، پار ساڵ پەیامێکی روونی داوە لەسەر بارودۆخی هەرێم بەڵام بەرپرسانی هەرێم نەک گوێیان نەگرتووە و دۆخەکەیان چارەسەر نەکردووە بەڵکو بارودۆخەکە خەرابتر بووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت، پلاسخرات وتوشیەتی، بەهۆی ئەوەی پار ساڵ گوێیان لێ نەگرتووم، ئەمساڵ لەئەنجومەنی ئاسایش روونتر باسم لەگرفت وکێشەکانی هەرێم کردووە.

هاوکات، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەکێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەکردووە، هاوڕێیەکی کوردی هەیە پێی وتووە، کاتێک منداڵێکیان لەدایکبووە دوای شەش مانگ ئینجا ناوەکەی تۆمارکراوە، کاوە عەبدولقادر دەڵێت، "پلاسخارت وەک ئاماژەیەک بۆ سستی و ئیفلیجی دامودەزگاکانی حکومەت ئەو قسەیەی کردووە."

پلاسخارت وتوشیەتی، ئێستا نە ساڵی ١٩٩١و نەساڵی ٢٠٠٣یە، بۆیە پێویستە بۆخۆتان کێشەکانتان چارەسەر بکەن دامەزراوەکان رێکبخەنەوە وبەسیاسیکردن کەم بکەنەوە لەدامودەزگاکانی حکومەتدا.

کاوە عەبدولقادر باسی لەوەشکردووە، لەبەردەم هاوسەرۆکی یەکێتی و سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی وتویەتی، "پارتی و یەکێتی دەستیان خستۆتە ناو حکومەت و دەسەڵاتی حزبیان زاڵ کردوە و حکومەتیان بێهێزکردووە و حزبەکانیان بەهێزکردوە، بۆیە تا دەستی حزب لەناو حکومەت دەرنەهێنرێت و یاسا سەروەر نەبێت دامەزراوە دروست نابێت."

ئەمڕۆ، جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ شەش لایەنی سیاسی سەرەکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەکان و دۆخی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

لای خۆشییەوە، هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەوان وەک نەوەی نوێ بە شەفافی باسیان لەوە کرد کە ئەم دۆخەی لە ئێستادا دەگوزەرێت لە هەرێمی کوردستان چی تر قابیلی قبوڵ نییە و پێوستە بەزوترین کات کۆتایی پێبهێندرێت.

وتەبێژەکەی نەوەی نوێ وتیشی، لەبارەی هەڵبژاردنەوە باسیان لەوەکردووە، کە پێویستە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردنەکان بکرێت و یاسای هەڵبژاردن کە یاسایەکی خراپە هەموار بکرێتەوە و دەشڵێت، "ئەوەی بۆ خەڵک گرنگ بووە ئێمە بەڕاشکاوانە وتوومانە."

باس لەوەشکراوە، پێویستە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت و بەگوێرەی زانیارییەکان لە دوو هەفتەی داهاتوودا نەتەوەیەکگرتووەکان و شەش لایەنەکە بڕیاری کۆتایی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەدەن.













گەلەری