سەردێڕ:

خەلیفە نوێیەکەی داعش دەستگیرکرا

PM:06:38:26/05/2022

9776 جار خوێندراوەتەوە

چەند بەرپرسێکی تورکی بە ئاژانسی بلومبێرگییان راگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا توانیویانە خەلیفەی نوێی داعش بەناوی ئەبو حەسەن قوڕەیشی لەناو شاری ئەستەنبووڵ دەستگیربکەن کە بە گەنجینەی نهێنییەکان ناسراوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چەند بەرپرسێکی تورکیا کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت بە ماڵپەڕی بلومبێرگییان راگەیاندووە، پیاوێکیان دەستگیرکردووە کە گومان دەکەن سەرکردە نوێیەکەی رێکخراوی داعش بێت.

چاوگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی تایبەتیان بە دەستگیرکردنی ئەبوو حەسەن قوڕەیشی بەڕێوەبەردووە و سەرئەنجام هێزە ئەمنییەکانی تورکیا توانیویانە ئەمڕۆ دەستگیری بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێوارەی ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی، وردەکاری ئۆپراسیۆنەکە ئاشکرا دەکات.

هاوکات، بەپێی وتەی بەرپرسانی تورکیا بێت، سەرۆکی نوێی رێکخراوی داعش لە شاری ئەستەنبوڵ دەستگیرکراوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، ساڵی ٢٠١٩ یەکەم خەلیفەی داعش بەناوی ئەبوبەکر بەغدادی لە ئۆپراسێۆنێکی ئەمریکادا بە هاوکاری هێزە کوردییەکان لە سوریا کوژرا.

مانگی شوباتی ئەمساڵ، جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشێکی سوپای ئەمریکادا کە هێرشەکە زەمینی و ئاسمانی بووە بۆ سەر گوندی عەتمە لە باکوری پارێزگای ئیدلب لە باکوری رۆژئاوای سووریا ئەبو ئیبراهیم هاشمی خەلیفەی دووەمی داعش و تەواوی خانەوادەکەی کوژراون.

باسی لەوەشکرد، لە ئۆپراسیۆنەکەدا سوپای ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر ئەو شوێنەی بە ئامانج گیراوە و ئەبو ئیبراهیم هاشمی لێبووە، بەڵام بەر لە گەیشتنی سەربازەکان ئەبو ئیبراهیم هاشمی خۆیو خێزانەکەی تەقاندووەتەوە.














گەلەری