سەردێڕ:

کۆبوونەوەی پلاسخارت و شەش لایەنەکە کۆتایی هات

PM:05:45:26/05/2022

18664 جار خوێندراوەتەوە

کەمێک بەر لە ئێستا کۆبوونەوەی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و شەش لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێهات و ئەنجامی کۆبوونەوەکە خرایەڕوو.


سەڵاحەدین بابەکر نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، سێ تەوەری سەرەکی بڕیاربوو باسی لێوەبکرێت، بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بڕیار بوو باس لە پەیوەندییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت بەڵام بەهۆی ئەوەی کات کەمبوو فریا نەکروتوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکە راشکاوانە بووە و دەست خراوەتەوە سەر هەموو کەمووکورتییەکان و باس لەوە کراوە کە پێویستە کێشەی خەڵک چارەسەر بکرێت و موچەی فەرمانبەران بدرێت و بەشێک لە پاشەکەوتی موچە بدرێتەوە و یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکرێتەوە و نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێری بکەن.

لای خۆشییەوە، هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەوان وەک نەوەی نوێ بە شەفافی باسیان لەوە کرد کە ئەم دۆخەی لە ئێستادا دەگوزەرێت لە هەرێمی کوردستان چی تر قابیلی قبوڵ نییە و پێوستە بەزوترین کات کۆتایی پێبهێندرێت.

وتەبێژەکەی نەوەی نوێ وتیشی، لەبارەی هەڵبژاردنەوە باسیان لەوەکردووە، کە پێویستە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردنەکان بکرێت و یاسای هەڵبژاردن کە یاسایەکی خراپە هەموار بکرێتەوە و دەشڵێت، "ئەوەی بۆ خەڵک گرنگ بووە ئێمە بەڕاشکاوانە وتوومانە."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت و بەگوێرەی زانیارییەکان لە دوو هەفتەی داهاتوودا نەتەوەیەکگرتووەکان و شەش لایەنەکە بڕیاری کۆتایی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەدەن.

ل.ل













گەلەری