سەردێڕ:

لە دوای ٢٢ رۆژ تەرمی ئەو هاوڵاتییە دۆزرایەوە کە لە روباری چۆماندا خنکا

PM:03:28:26/05/2022

2216 جار خوێندراوەتەوە

وته‌بێژی پۆلیسی به‌رگری شارستانی سۆران رایگەیاند، ئەمڕۆ دوای ٢٢ رۆژ لە خنکانی تەرمی ئەو هاوڵاتییە دۆزرایەوە کە لە روباری چۆماندا خنکا و و رەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادوەری سۆران کرا.


ئەمرۆ پێنجشەممە، به‌یار محیه‌دین، وته‌بێژی پۆلیسی به‌رگری شارستانی سۆران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی تەرمی ئەو هاوڵاتییە عەربەی کەوتە ناو روباری چۆمانەوە و خنکا دۆزرایەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، هاوڵاتییەکە ناوی عەبدولقادر عەبدولڕەزاقە و تەمەنی ٣٨ ساڵە و لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاری سنوری قەزای چۆمانەوە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ٢٢ رۆژ لەمەوبەر ئەو هاوڵاتییە کەوتبووە ناو روباری چۆمانەوە و خنکا.

دەشڵێت، دوای دەرهێنانی تەرمەکە لە لایەن تیمەکانیان گواسترایەوە بۆ پزیشکى دادى لە سۆران.

به‌یار محیه‌دین، وته‌بێژی پۆلیسی به‌رگری شارستانی سۆران لە راگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەشکردووە، لە ماوەى ٢٢رۆژى رابردوودا تیمەکانیان بەشێوەى گروپ بەردەوام سەرقاڵى گەران و پشکنین بوون بە مەبەستى دۆزینەوەى تەرمەکە، بە درێژایی روبارى چۆمان تا دەگاتە خەلیفان و خەلان و بیاو پرۆسەی گەڕان بەردەوامی هەبوو.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی ٥ی ٢٠٢٢ سوارە ئەکرەم قائیمقامی قەزای چۆمان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ باوک و کچێکی بەرەگەز عەرەبی دانیشتووی شاری هەولێر کەوتوونەتە ناو روباری چۆمان لە نزیک ناوپردان و بەهۆیەوە خنکاون.

ئاماژەی بەوەشدا، کچەکە تەمەنی ١١ ساڵە و لەگەڵ باوکیدا بە مەبەستی گەشتکردن سەردانی ناوچەکەیان کردووە. دوای ماوەیەک تەرمی کچەکە دۆزرایەوە.

لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران لەبارەی رووداوەکەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، منداڵەکە ناوی دینا عەبدولرەزاق عەبدولقادرە و تەمەنی ۱۱ ساڵە و کچه و باوکی ناوی عەبدولرەزق عەبدولقادر عەبدولرەزاقە و تەمەنی ۳٨ ساڵە و بەڕەگەز عەرەبن دانیشتووی شاری هەولێرن بە مەبەستی گەشت و سەیران روویان لە ناوچەکە کردووە.

خێزانە عەرەبەکە خەڵکی شاری رومادین و لە هەولێر نیشتەجێبوون،دوو هەفتە لەمەوبەر بەمەبەستی گەشت کردن سەردانی ناوچەی باڵەکایەتی و روباری چۆمانیان کرد و باوک و کچێکی کەوتنە ناو روباری چۆمانەوە و خنکان.













گەلەری