سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق بەکۆی دەنگ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل قەدغەکرد

PM:03:27:26/05/2022

1796 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق بەکۆی دەنگ یاسای قەدەغەکردنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل دا پەسەند کرد.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بە کۆی دەنگ ئەندامانی پەرلەمان پرۆژە یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل پەسەند کرد.

بەگوێرەی یاساکە، سەرجەم شێوازەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان و بانگەشە بۆکردن و هەواڵ بڵاوکردنەوە و دروستکردنی هەرجۆرە پەیوەندییەک قەدەغە دەکات لەبەردەم هەموو ئەوانەی دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە.

لەلایەن خۆشییەوە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین تویتیدا لەبارەی پەسەند کردنی یاسای قەدەغەکردنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، داوای لەگەلی عێراق کرد، دوو رکاعەت نوێژی سوپاسگوزاری بخوێنن لەسەر ئەم دەستەکەوتە.

دەشڵێت، داوا لە خەڵک دەکات بڕژێنە سەر شەقامەکان و ئاهەنگ بەو بۆنەیەوە بگێڕن و خۆشحاڵی خۆیان دەرببڕن.

پێشتر، فراکسیۆنی سەدر رایگەیاند، دوای جەژنی رەمەزان پرۆژە یاسای قەدەغەکردنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەخەنە بەردەم سەرۆکایەتی و لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان.













گەلەری