سەردێڕ:

نەوەی نوێ و شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دۆخی ھەرێم و ھەڵبژاردنەکان و بەزۆر ناردنەوەی پەنابەرانیان تاوتوێ کرد

PM:01:29:26/05/2022

4856 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکیاندا لەگەڵ بەرپرسی کاروباری عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە لەندەن لەبارەی دۆخی ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنەکان و کێشەی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەرانیان تاوتوێ کردووە.


ئەمرۆ پێنجشەممە، ئاریان تاوگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دوێنێ فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دیدارێکمان هەبوو لەگەڵ شاندێکی بەریتانی کە پێکهاتبون لە ئۆلیڤەر دیکسن بەرپرسی کاروباری عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە لەندەن و نییام کۆنۆڵی بەرپرسی پرۆگرامی مافی مرۆڤ و ژنان لە بالێۆزخانەێ بەریتانیا لە عێراق.

ئاماژەی بەوەشداوە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکە بریتی بوو لە کێشەی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانی کورد لە بەریتانیاوە بۆ عێراق و بەتایبەتر بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر.

ئاریان تاوگۆزی دەشڵێت، "داوامانکردووە بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران بۆ عێراق و کوردستان رابگیرێت و بارودۆخی خراپی سیاسی و ئەمنی و ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان بە جۆرێکە کە ژیانی ئەو پەنابەرانە پارێزراو نابێت لە ئەگەری گەڕانەوەیان".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەکێکی دیکە لەتەوەرەکانی گفتوگۆی دیدارەکە دۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا ژمارەیەک پەنابەری کورد لە وڵاتی بەریتانیا بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، لە هەولێرەوە بلیتییان بۆ بڕدراوە و بەنیازن بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە رێکەوتی ٣١ی ٥ی ٢٠٢٢ەوە دیپۆرتی هەرێمییان بکەنەوە.













گەلەری