وتەبێژی فەرمی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوان ناتوانن خۆڵبارین رابگرن، چونکە لەدەرەوەی هەرێم دێت. دەشڵێت، " بە هۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێرانەوە یەک ملیۆن دۆنم دارستان لە هەرێم سووتاوە".
عەبدولڕەزاق خەیلانی وتەبێژی فەرمی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، هۆکارەکانی دروستبوونی خۆڵبارین کەمی رێژەی شێ لەو شوێنانەی خۆڵبارینەکەی لێوەهاتووە و بوونی بای خێرا و یەکگرتوو نەبوونی دەنکۆڵەکانی خۆڵەکەن.
دەشڵێت، خۆڵبارین ئەوە نییە
لەئاسمانەوە بێتەخوارەوه، بەڵکو گواستنەوەی خۆڵە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، ئەو
شوێنەی کە خۆڵی لێبووە لەگەڵ با هاتووە بەئاراستەی ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی
کوردستانیشەوە، بۆنموونە لە رۆژهەڵاتی ئوردن و لە رۆژهەڵاتی سوریا و لە باکوری ئەفەریقا
لەو شوێنانەوە هاتووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، "ناکرێت
ئەو خۆڵبارینە رابگرین، چونکە لای ئێمەوە نیە و لە دەرەوە بۆمان دێت".
عەبدولڕەزاق خەیلانی باسی
لەوەشکردووە، رێژەی سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن، بەڕێژەی ١٠%، یان
١٢% یان 8٨% جیاوازی هەیە بەپێی شارەکان، پێشتر سەرۆکی دەستەی ژینگە رایگەیاند، لە
٢٠١٠ تا ٢٠١٩ بە هۆی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێرانەوە یەک ملیۆن دۆنم دارستان لە هەرێمی
کوردستان سووتاوە.
وتەبێژی فەرمی دەستەی ژینگەی
هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، هەموو بابەتەکان پەیوەندی بە گۆڕانکاری کەشوهەواوە
هەیە بۆیە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی باران بارین و کەمبوونەوەی رێژەی
شێ لەو شوێنانە هۆکارە بۆئەوەی کە ئەو خۆڵبارینە دروست بێت.
لە بارەی پێشبینی بۆ
ئایندەی خۆڵبارین لە هەرێم و چارەسەرکردنیعەبدولڕەزاق خەیلانی وتی، ئەوە دەگەڕێتەوە سەر بوونی ئەو هۆکارانەی کە سەرەکین
بۆ دروستبوونی خۆڵبارین ئەگەر توانرا ئەو هۆکارانە لابچێت کەواتە خۆڵبارین کەم دەبێتەوه،
بەڵام ئەگەر نەتوانرا ئەو هۆکارانە لاببرێن کەواتە ڕەنگە خۆڵبارین زیاتر بێت بۆنموونە
ئێستا پرۆژەیەک هەیە لەناوخۆی سعودیە ١٠ ملیار دار دەچێنێت لەماوەی ١٠ ساڵی
داهاتوودا ئیتر ئەوە کاریگەری زۆردەبێت لەسەر کەمبوونەوەی خۆڵبارین لەبەرئەوەی کە
داری چەند و ئاوی دابین کرد بۆ ئەو شوێنانە ئیتر ئەو خۆڵەی کە لەوێ هەبوو لەگەڵ با
دەگوازرایەوە بەهەبوونی دارستان و ئاو ئیتر ناگوازرێتەوە کەواتە خۆڵبارین کەمدەبێتەوە.
دەشڵێت، ئەوان ناتوانن هیچ
بۆ کۆتایهێنان بە خۆڵبارین بکەن، چونکە لەدەرەوەی هەرێم دێت. بەڵام پلانێکی تر هەیە
لەعێراق ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق ئەویش ڕووبەری دارستانەکان لەوێ زیاد بکات و دار
بچێنێت بۆئەوەی ئەو خۆڵەش لەوێ شێدار بێت و یەکانگیربێت و لەگەڵ با نەبێتە خۆڵبارین
و بۆ هیچ شوێنێکی تر نەگوازرێتەوە پلان هەیە بۆئەوەی ئەوێ بکرێتە پشتێنەیەکی سەوزایی
هەر لەناسریە و سەماوە و کەربەلا هەتا ڕومادی دەگاتەوە لای موسڵ واتە ئەو هێڵەی ئەولا
هەمووی داربچێنێت بۆئەوەی ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێگری کردن لە خۆڵبارین بەڵام ئەوە هەتا
ساڵی ٢٠٣٠ دەبێت .
ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەیەکە
چەند شەپۆلێکی توندی خۆڵبارین رووی لە عێراق کردووە و بەپێی ئامارەکانی کەشناسی تەنها
لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٢٥ شەپۆلی خۆڵبارین رووی لە هەرێم کردووە.