سەردێڕ:

دوای سێ مانگ لە جەنگ روسیا ژمارەی سەربازەکانی زیاد دەکات

PM:07:58:25/05/2022

4272 جار خوێندراوەتەوە

ئەندام پەرلەمانانی روسیا یاسایەکیان پەسەندکرد کە کۆتایی بە سنوری تەمەن دەهێنێت بۆ ئەو سەربازانەی بەشداری سوپا دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی سەرباز لەناو سوپای ئەو وڵاتە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی روسیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دانیشتنی ئەمڕۆیاندا پرۆژەیاسایەکیان لەبارەی نەهێشتنی مەرجی تەمەن بۆ چوونە ناو سوپای ئەو وڵاتە پەسەندکرد.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە پێشتر هاوڵاتیانی سەروو تەمەنی ٤٠ ساڵ نەیاندەتوانی ببنە سەرباز لە سوپای روسیادا بەڵام لەمەودوا ئەو سنورە بۆ خوازیارانی بوون بە سەربازی سوپا نامێنێت.

لەمبارەیەوە، ئەندرێی کارتاپۆلۆڤ سەرۆکی لیژنەی بەرگری ئەوەی خستەڕوو، ئەم بڕیارەی پەرلەمان دەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ دامەزراندنی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بچنە سوپاوە. دەشڵێت، "هاوڵاتیانی سەرو ٤٠ ساڵ دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سوپای روسیاوە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەپێی یاساکانی روسیا، هەموو پیاوێکی روسی کە تەمەنی لە نێوان ١٨ بۆ ٢٧ ساڵدا بێت دەبێت بەشێوەیەکی زۆرەملێ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە ناو سوپای وڵاتەکەیاندا خزمەت بکەن، بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی روسیاش بەشێک لەو پیاوانەی کە ناچارن بچنە سوپای روسیا بە بیانوی خوێندن لە زانکۆکاندا خۆیان لەم بەرپرسیارێتییە دووردەخەنەوە.

ماوەی سێ مانگە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و زیانێکی زۆری گیانی بەر سوپای ئەو دوو وڵاتە کەوتووە.













گەلەری