جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە کاتژمێر ٢ی دانیوەڕۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە بە ئامانجی دیاریکردنی ماوەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتی خۆیدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە رێکەوتی ٢٥ی ٥ی ٢٠٢٢، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە بە ئامانجی دیاریکردنی ماوەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتی خۆیدا.
ئاماژەی بەوەشدا، پەرلەمان
بە هەڵبژاردن دروستبووە و ئەرکی سەرەکی یاسادانان و چاودێری حکومەتە و دەبێت پەرلەمان
بەشێک بێت لە چارەسەری کێشەکان نەک ببێتە
بەشێک لە کێشەکان.
دەشڵێت، پێشوازییەکی باش لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە کراوە و دواتر کۆبوونەوەیەکی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان رێکخراوە
و هەرسێکیان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی داوا لەسەرجەم فراکسیۆنەکان بکەن راوێژ لەگەڵ
حزبەکانی خۆیان بکەن و بڕیاربوو ئەمڕۆ ٢٤ی
ئایار دانیشتنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی فراکسیۆنەکان بەڕێوە بچێت،
بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی باپیری سەرۆکی پەرلەمانەوە
پێرێ دواخرا.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان
وتیشی، "رێککەوتین کۆبوونەوەی
سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بیخەینە سبەینێ چوارشەممە کاتژمێر٢ دوای نیوەڕۆ".
لەبارەی
ئامانجی کۆبوونەوەکەیاندا، هێمن هەورامی باسی لەوەشکرد، ئەو پەیوەندیانەی هەمانبووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەیخەینە
بەردەم سەرۆکی فراکسیۆنەکان و کاتێک دیاریکراو دابندرێت بۆئەوەی بتوانن هەڵبژاردەنەکان لە
کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت.
هەروەها، لەبارەی لێدوانەکانی
پلاسخارت سەبارەی بە دۆخی هەرێم کە ئایا پاڵنەرن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان؟
هێمن هەورامی وتی، "پێش لێدوانەکانی پلاسخارتیش لە ٣ی ١١ی ٢٠٢١ کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی کراوە و بەو شێوەیەش نییە
کە بەدەر لە روانگەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئێمە خۆمان هیچمان نەکردبێت و ئێستا ئەوان
هاتوون قسەیان کردووە ئینجا ئێمە دەست بە کارەکان بکەین".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان پێشوازی لە داواکەی جنین پلاسخارت دەکەن بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان، چونکە هەرکات
لایەنی ناوخۆ باشتر ئامادەبێت پشتیوانی نێودەوڵيتی
زیاتر دەبێت.