سەردێڕ:

لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا چەند شەپۆلی خۆڵبارینی چڕ رووی لە هەرێم و عێراق کردووە؟

AM:09:27:24/05/2022

4204 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق رایگەیاند، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا ١٠ شەپۆلی خۆڵبارینی چڕ رووی لە هەرێم و عێراق کردووە. دەشڵێت، "هۆکاری بەردەوام بوونی خۆڵبارینەکەش ناجێگیری کەشوهەوایە".


ئەمڕۆ سێشەممە، عامر جابری وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە ٢٥ی ١ی ئەمساڵەوە، ١٠ شەپۆلی خۆڵبارین لە عێراق تۆمارکراون و کە بۆ ناجێگیری باری کەشو هەوا دەگەڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەتایبەتی لە مانگی نیسان و ئایاردا پەستانی هەوا دەستی بە دووبارەبوونەوە کردووە. هەروەها، لەمساڵدا شەپۆلێکی پەستانی نزم لە باکوری ئەفریقا و بیابانی گەورەوە بەرەوە عێراق هاتوون و ئەمەش لەسەر دوو ئاست کاریگەری هەبووە، ئەوانیش بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی رێژەی خۆڵبارینە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە بەیانی دوێنێوە شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراقیش رایگەیاندبوو، لەدوا نیوەڕۆی رۆژی سێشەممەوە کاریگەری خۆڵبارینەکە کەم دەبێتەوە و پێشبینیدەکرێت لە رۆژی چوارشەممەدا کۆتایی پێبێت.













گەلەری