سەردێڕ:

یەکەم دبلۆماتکاری روسی دەستی لەکار کێشایەوە و دژایەتی خۆی بۆ جەنگ راگەیاند

AM:08:34:24/05/2022

3756 جار خوێندراوەتەوە

دبلۆماتکارێکی روسی کە لە ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان کاریدەکرد دەستی لە کارەکەی کێشایەوە و وتی، "هەست بە شەرمەزارییەکی زۆر دەکەم لەسەر داگیرکارییەکەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی وڵاتەکەی لە ئۆکرانیا".


بۆریس بۆندارێڤی تەمەن ٤١ ساڵ نامەیەکی ئاراستەی گینادی گاتیلۆڤ باڵیۆزی روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تیایدا دەست لەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.

دوابەدوای دەستلەکارکێشانەوەی بۆریس بۆندارێڤ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا کرد و بە داگیرکاری وەسفی کرد.

لە پەیامەکەیدا بۆریس بۆندارێڤ ئاماژەی بەوەداوە، "جەنگە دوژمنکارییەکە کە لەلایەن پوتنەوە دژی ئۆکرانیا هەڵگیرسا، کە لە راستیدا دژی سەرانسەری جیهانی رۆژئاوا هەڵگیرساوە، نەک تەنها تاوانە دژی گەلی ئۆکرانیا بەڵکو ڕەنگە جددیترین تاوان بێت دژی گەلی روسیاش."

دەشڵێت، "ئەوانەی ئەم جەنگەیان ویستووە تەنها یەک شتیان دەوێت، مانەوەیان لە دەسەڵات تا هەتایە، ژیان لە کۆشکە بێتامەکاندا، گەشتکردن بە کەشتیە گرانبەهاکان و چێژ وەرگرتن لە دەسەڵات و پارێزراوییەکی تەواودا، بۆ ئەوەی ئەمە بەدەست بهێنن، ئامادەن ژیانی زۆرترین کەس بکەنە قوربانی. تاوەکو ئێستا هەزاران ئۆکرانی و ڕووسی لەپێناو ئەمەدا کوژراون".

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بۆریس بۆندارێڤ ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەماوەی ٢٠ ساڵ کارکردنیدا وەکو دیبلۆماتکارێکی روسی، لە ماوەی کارکردنیشیدا لە کەمبۆدیا و مۆنگۆلیا ئاستی درۆ و ناپیشەیی لە وەزارەتی دەرەوەی روسیادا هەمووکات لە زیادبووندا بووە.

هەروەها، لە پەیامەکەیدا هێرشی کردووەتە سەر سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا و دەڵێت، نموونەیەکی باشی تێکچوونی ئەم سیستمەیە، لاڤرۆڤ لە کەسێکەوە کە لەلایەن هاوەڵە دیبلۆماتکارەکانیەوە بە کەسێکی پیشەگەر و زیرەک و خوێندەوار ناودەبرا ئێستا بووەتە کەسێک کە هەمیشە بەیاننامەی ناکۆک بڵاودەکاتەوە و بە چەکی ناوەکی هەڕەشە لە جیهان دەکات.

باسی لەوەشکردووە، "روسیا چیتر هاوپەیمانی نیە، هیچ کەس لەمە بەرپرس نیە جگە لەو سیاسەتە بێباکە نەبێت کە بەباشی بیری لێنەکراوەتەوە چیتر ناتوانم بەشدار بم لە بێڕێزییە ناپێویست و خوێناوی و بێ ژیرییەدا."

لەبارەی کاردانەوەی حکومەتی روسیا بەرامبەر دەستلەکارکێشانەوەکەی بۆریس بۆندارێڤ بە ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشییەتدپرێسی راگەیاند، نیگەرانە لە ئەگەری وەڵامدانەوەی حکومەتی وڵاتەکەی، ئەگەرچی تا ئێستا هیچ کاردانەوەکیان نەبووە.

وتیشی، ئەو تەنها نییە، چونکە هەموو دیبلۆماتکارە روسییەکان شەڕخواز نین، بەڵام دەمییان داخستووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی ٨٩ رۆژە سوپای روسیا بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ئەو وڵاتە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە روسیا دەستپێکردووە و بەهۆیەوە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیا زنجیرەیەک سزای قورسی ئابوری و دارایی و بازرگانییان خستووەتە سەر کەرتی وزە و بانک و کۆمپانیا گەورەکانی روسیا و چەندین کەسایەتی باڵای سیاسی و سەربازی و ئابوری و بارزگانی ئەو وڵاتە. دەستلەکارکێشانەوەی بۆریس بۆندارێڤ یەکەم کاردانەوەی فەرمی ناو بەرپرس و دبلۆماتکارەکانی روسیایە.













گەلەری