سەردێڕ:

ئەردۆغان: ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێدەکەین

PM:11:39:23/05/2022

4128 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کە ئەو بە باکوری سوریا ناوی دەبات، دەستپێدەکەن.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردووەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری توریکا رایگەیاندووە بەم نزیکانە سوپای تورکیا ئۆپەڕاسیۆنێکی نوێ بۆ سەر ناوچەی ئارامی سوریا دەستپێدەکەن کە ئەو ناوچانەن لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان و لەلایەن خۆسەرەوە بەڕێوە دەبرێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەڕاسیۆنەکە بە قوڵی ٣٠ کیلۆمەتر دەبێت بۆ ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان لە ناوچەکانی نێوان سنوری تورکیا و سوریا و دەشڵێت، ئاماننیان کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و گەڕاندنەوەی ملیۆن پەنابەرە بۆ ئەو ناوچانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٩دا دوای راگەیاندنی شکستی داعش، سوپای تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و بەدیاریکراویش بۆسەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان.

هاوکات، چاودێرانی سیاسی لەبارەی ئەو هێرشانەی تورکیاوە دەڵێن، کە هێرشەکانیان دژی بڕیارەکەی ئەمریکایە کە لە ١٢ی ئەم مانگەدا دەریکرد و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆسەری دیموکراتیکی لە بڕیاری سزاکانی قەیسەردا لابرد و تورکیاش ئیدانەی بڕیارەکەی کرد و لای خۆیەوە وتی، "ئەمریکا بڕیارێکی هەڵەی داوە."

لـ.لـ













گەلەری