سەردێڕ:

بۆ جاری دووەم لەمشەودا داعش هێرشی کرد و کوژراو هەیە

PM:10:53:23/05/2022

15432 جار خوێندراوەتەوە

ئەفسەرێک لە بنکەی جەلەولا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چەکدارانی داعش هێرشییان کردووەتە سەر جوتیاران لە سنوری گوندی ئیسڵاحی سەر بە ناحیەی جەلەولا و بەهۆی هێرشەکەوە جوتیارێک گیانی لەدەستداوە و شەش کەسی دیکە بریندارن.


عەقید فەلاح محەمەد ئەفسەر لە بنکەی پۆلیسی جەلەولا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەمێک بەر لە ئێستا چەکدارانی داعش لە گوندی ئیسڵاحی نزیک جەلەولا هێرشیان کردووەتە سەر جوتیارانی ناوچەکە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و شەش کەسی دیکە برینداربوون کە یەکێکیان ژنە.

ئەفسەرەکە باسی لەوەشکردووە، دوای ئەوەی جوتیاران بەرەنگاریان بوونەتەوە جوتیارێک بەناوی عەدنان عوسمان لە رووبەڕووبوونەوەکاندا گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، دوای ئەوەی هێزی پاڵپشتی بە رووداوەکەیان زانیووە و بەهانای جوتیارانەوە چوون، چەکدارانی داعش هەڵهاتوون و ناوچەکەیان بەجێهێشتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمشەو، بەگوێرەی زانیارییەکانی دیار محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، پاش ئەوەی چەکدارانی داعش لە سنوری گوندی بەشیری سەر بە کەرکوک هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی ئەمنی لیوای ١٦ی حەشدی شەعبی و بەگوێرەی زانیارییەکان حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

هەرچەندە لەساڵى ٢٠١٧ حکومەتى عێراق کۆتاییهاتنى داعشى راگەیاند، بەڵام ناو بە ناو چەکدارانى سەر بەو گروپە هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیان، لە ماوەی رابردووشدا هێرشەکانیان زیاتر کردووە.

بڕیار جاف، گەرمیان

ل.ل













گەلەری