سەردێڕ:

وڵاتێکی دیکەش كۆتایی به‌ بازرگانی وزە لەگەڵ روسیا هێنا

PM:06:30:23/05/2022

6932 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری وزەی لیتوانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی تەواوی پێداویستیەکانی گازی سروشتی لە رێگەی تێرمیناڵی کلایپێدا LNG دابین دەکات کە بە بارهەڵگر لە ئەمریکاوە دەگاته‌ لیتوانیا و کۆتاییان بە بازرگانی وزە لەگەڵ روسیا هێناوە.


داینیوس کرێیڤیس وەزیری وزەی لیتوانیا ئاشكرایكرد، لە مانگی نیساندا کڕینی گازی سروشتیی لە روسیا راگرتووە و رایگەیاند، "لە رۆژی یەکشەممەوە کڕینی کارەباشمان لە روسیاوە وه‌ستاندووه‌".

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی وزەی لیتوانیا، لە ٢٢ی ئایارەوە هاوردەکردنی نەوت، کارەبا و گازی سروشتیی لە روسیاوە بە تەواوی کۆتایی هاتووە.

وەزیری وزەی لیتوانیا دەشڵێت، "لە رۆژی یەکشەممەوە کڕینی کارەباشمان لە روسیاوە راگرتووە. ئەو هەنگاوە وەرچەرخانێکی زۆر گرنگە به‌ ئامانجی سەربەخۆیی وزە بۆ لیتوانیا و پشتیوانیشمانە بۆ ئۆکرانیا. دەبێت واز لە پشتیوانییكردنی دارایی بۆ جەنگی روسیا بهێنین".

هەروەها داینیوس کرێیڤیس باسی لەوە کردووه‌، لیتوانیا هەنگاوی "گرنگ" دەنێت لە بواری وزەی سەوزدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لیتوانیا تەواوی پێداویستیەکانی گازی سروشتیی لە رێگەی تێرمیناڵی کلایپێدا LNG دابین دەکات کە بە بارهەڵگر لە ئەمریکاوە دەگاته‌ ولاتەکەی و پێداویستی کارەباش لە رێگەی بەرهەمی ناوخۆیی و کڕینی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاوە دەستەبەر دەکات.

لەلایەکی دیکەشەوە ئۆرلێن لیتوڤا کە تاکە هاوردەکاری نەوتە لە لیتوانیا، ماوه‌ی مانگێك زیاتره‌ هاوردەکردنی نەوتی خاوی روسی راگرتووه‌.













گەلەری