سەردێڕ:

پارێزەرێکی ئۆکرانی لە دادگا بەرگری لە سەربازێکی روسی دەکات

PM:05:18:23/05/2022

4208 جار خوێندراوەتەوە

لە دادگایکردنی یەکەم سەربازی روسی لە ئۆکرانیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ پارێزەرێکی ئۆکرانی بەرگری لەو سەربازە کرد و دەشڵێت، "پەشیمان نیم لە بەرگریکردن لەو روسیە." بەڵام سەربازەکە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.


فيكتۆر ئوفسيانيكوف تەمەنی ٤٣ ساڵە و لە دادگایەکی ئۆکرانیا بەرگری لە سەربازێکی روسی کرد کە تێوەگلاوە لە تاوانی جەنگ لە وڵاتەکەیدا.

فيكتۆر ئوفسيانيكوف بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، "من بەرگری لە کەسێک دەکەم نەک لە تاوانیک و ئەو سەربازە روسیە تەنها شۆفێری تانک بووە و هیچ تاوانێکی نەکردووە."

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو سەربازە روسە لەسەر داوای ئەفسەرەکەی هاوڵاتییەکی ئۆکرانی سڤیلی کوشتووە و بە ویستی خۆی نەبووە بەڵکو فەرمانی پێکراوە و دەبێت ئازادبکریت، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای دادگایە.

فيكتۆر ئوفسيانيكوف باسی لەوەشكردووە، کاتێک یەکەمجار سەربازە روسیەکەی بینیوە هیچ هەستی بە توڕەیی یان رق نەکردووە و ئاسایی بووە و هەستی کردووە ئەو سەربازە تەنها دەیەوێت بچێتەوە وڵاتەکەی. دەشڵێت، "من بەزەیم بەودا دێتەوە."

لایخۆشیەوە ئاندری سنيوک داواکاری گشتی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، جێبەجێکردنی فەرمانی فەرماندەی سوپا بۆ کوشتنی هاوڵاتی سڤیل لە یاسای سەربازیدا رێگەپێدراو نییە و دەبێت ئەو سەربازە سزا بدرێت.

هاوکات ئەو دادگایەی سەربازە روسیەکەی تێدا دادگایی دەکرا بڕیاریدا، ئەو سەربازە زیندانی هەتاهەتایی بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی ٨٩ رۆژە هێرشەکانی روسیا بۆ ئۆکرانیا بەردەوامە و ئەو وڵاتە روسیا بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار دەکات.













گەلەری