سەردێڕ:

بۆچی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو خۆڵبارین زیاتربووە و چڕتربووە؟

PM:03:59:23/05/2022

38240 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی و ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی تێکساس رایگەیاند، کەمبوونەوەی بارانبارین و توندتربوونی رەشەباکان و فراوانبوونی رووبەڕی بیابانەکان هۆکارن بۆ زۆربوون و توندبوونی شەپۆڵەکانی خۆڵبارین.


لوقمان حەویز شارەزای بواری کەشناسی و ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی تێکساس لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، دیاردەی خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتیە لە گەلێک ناوچەی جیهان ساڵانە لە وەرزە جیاجیاکان روودەدات.

باسی لەوەشکردووە، ئەو دیاردەیە بە زۆری لەو ناوچانەی جیهان کە بەشێک یان زۆربەی ناوچەکانی بیابانە یان ئەو ناوچە و هەرێمانەی نزیکن لە بیابانەکان و رەشەباکان و بارستە هەواکانی سەر بیابانەکانی بە ئاسانی پێ دەگات روودەدات.

لەبارەی هۆکاری روودانی خۆڵبارین لە کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەڵکەوتەی جوگرافی کوردستان بە جۆرێکە ئەو رەشەبایانەی کە هەڵدەکەن لەسەر بیابانەکانی رۆژئاوا و باشوری عێراق و بیابانەکانی تری سعودیە و ئوردن و سوریا لە هەندێک کات و وەرزەکانی ساڵ بەرەو ئاڕاستەی کوردستان دێن و هەتا رەشەباکانیش بەهێزبن خۆڵبارینەکە بەهێزتر دەبێت و خۆڵبارین لە هەرێم دیاردەیەکی سروشتییە.

لوقمان حەوێز لەبارەی هۆکارەکانی زۆربون و توند بوونی خۆڵبارین لەم ساڵانەی دواییدا ئاماژەی بەوەداوە، هەر سێ هۆکاریکەمبوونەوەی بارانبارین و توندتربوونی رەشەباکان و فراوانبوونی رووبەڕی بیابانەکان بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستن بە دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا کە ئێستا بەڕێویە لەهەموو جیهان و کاریگەریەکانی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان هەستی پێدەکرێت بە تایبەتی و بە زەقیش لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

باسی لەوەشکردووە، یەکەم هۆکاری زۆربوونی خۆڵبارین کەمبوونەوەی تێکڕای رێژەی دابارینە بەگشتی لە عێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بەتایبەتیش لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەمەش بۆتە هۆی وشکبوونی زیاتری سەر رووی زەوی و لە ئەنجامدا فشەڵ بوونی زیاتری خاکی بیابانەکان، ئەمەش وادەکات لەگەڵ هەڵکردنی رەشەبا رێژەیەکی زیاتر لە جاران لە تەپ و تۆز و وردیلەکانی لم لەو بیابانانە بەرزبێتەوە نێو هەوا.

دەشڵێت، دووەم هۆکار توندتربوونی رەشەباکانە بە گشتی، واتە زۆربوونی خێرایی با کە لەو ناوچانەوە هەڵدەکەن، ئەمەش لێکەوتەیەکی تری دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوایە، ئەو توندبوونەش لە ئەگەری روودانی دیاردەی خۆڵبارین زۆرتر و توندتریش دەکات بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆرتر لە تەپ و تۆزی بیابانەکان بەرز دەکەنەوە نێو بەرگە هەوا.

لوقمان حەوێز باسی لەوەشکردووە، کۆتا هۆکار ئەو ووشکییەیە کە بە گشتی رووی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقیش کردووە و بووەتە هۆی فراوان بوون و گەورەبوونی رووبەری بیانەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێ گومان عێراقیش، ئەمەش یارمەتیدەر بووە و دەبێت لە زۆربوونی دیاردەی خۆڵبارین لە عێراق و کوردستان.

لە درێژەی راگەیەنراوەکەیدا لوقمان حەوێز دەشڵێت، بە کورتی هەموو ئەو خۆڵبارینانەی بەم دواییە روویان داوە و روودەدەن بەوەی ئێستاشەوە سەدا سەد سروشتین و دەستی ووڵاتان یان مرۆڤیان تێدا نیە و ترسی ناوێت.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی ئامۆژگاری هاوڵاتییان دەکات لەکاتی خۆڵباریندا و دەڵێت، ئەوانەی کێشەی هەناسەدان و تەنگە نەفەسیان هەیە پێویستە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و خۆیان لەدەروە بەدور بگرن یان زۆر کەمتر بچنە دەرەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوی چەند مانگێکە چەند شەپۆلێکی خۆڵبارینی توند روویان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە و بە پێی پێشبینییەکانی کەشناسیش بێت شەپۆلێکی نوێی خۆڵبارین بەڕێوەیە.













گەلەری