سەردێڕ:

تەندروستی کەرکوک ئاماری ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە

AM:10:35:23/05/2022

2956 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کەرکوک بڵاویکردەوە، لە کاتژمێر ٨ی ئەم بەیانییەوە تا ئێستا ٣٨ کەس بەهۆی کاریگەری خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.


ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کەرکوک راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە کاتژمێر ٨ی ئەم بەیانییەوە تا ئێستا ٣٨ کەس بەهۆی کاریگەری خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین رووی لە هەرێم و عێراق کرد و لەوبارەیەشەوە  سادق عەتییە شارەزای کەشناسی عێراقی رایگەیاند، ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی رووی لە هەرێم و عێراق کردووە بە درێژایی ئەمڕۆ بەردەوامدەبێت و ماوەی چڕترین ئاستی خۆڵبارینەکەش لەمڕۆدا کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ دەبێت.

هەروەها، لەبارەی وادەی کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلی خۆڵبارینەوە، سادق عەتییە شارەزای کەشناسی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، سبەینێ رۆژی سێشەممە کاریگەری خۆڵبارینەکە لاوازدەبێت و خێرایی با لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٠ کیلۆمەتر دەبێت لەکاتژمێرێکدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە راگرتنی دەوامی فەرمی لەسەرجەم دام و دەزگاکاندا جگە لە کەرتی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان. هەروەها، چاوگێکیش لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەوامی فەرمی لە هەرێم بەهۆی خۆڵبارینەوە راناگیرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، وەک پارێزگای سلێمانی ئەوان پشت بە راپۆرتەکانی کەشناسی و تەندروستی سلێمانی دەبەستن و هەر کاتێک پێویست بکات بڕیاری پێویست دەدەن بەڵام تا ئێستا هیچ داخوازییەک بۆ راگرتنی دەوام بوونی نییە.

 













گەلەری