سەردێڕ:

ئایا شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین روو لە هەرێم و عێراق دەکات؟

AM:09:48:23/05/2022

48812 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی کەشناسی عێراقی رایگەیاند، ئەم شەپۆلی خۆڵبارینەی رووی لە هەرێم وعێراق کردووە، ماوەی چڕترین ئاستی لەمڕۆدا کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ دەبێت و لە کاتژمێرەکانی شەودا کاریگەرییەکەی لاوازدەبێت. دەشڵێت، "دوای ئەوەش شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین کە چڕییەکەی لەم شەپۆلە کەمتردەبێت روو لە وڵات دەکات و پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدین دەگرێتەوە و دەگاتە شاری بەغداش".


ئەمڕۆ دووشەممە، سادق عەتییە شارەزای کەشناسی عێراقی رایگەیاند، ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی رووی لە هەرێم و عێراق کردووە بە درێژایی ئەمڕۆ بەردەوامدەبێت و ماوەی چڕترین ئاستی خۆڵبارینەکەش لەمڕۆدا کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی خۆڵبارینەکەوە مەودای بینین بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە، لەکاتژمێرەکانی شەودا کاریگەری خۆڵبارینەکە وردەوردە لاوازدەبێت و کەشوهەوا باشتر دەبێت، بەڵام باشبوونی دۆخەکە کاتی دەبێت چونکە شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین رووی لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدین و بەغدا دەکات.

سادق عەتییە دەشڵێت، بەڵام شەپۆلەکەی دیکە چڕییەکەی کەمتردەبێت بەراورد بەو شەپۆلەی ئێستا رووی لە وڵاتکردووە.

هەروەها، لەبارەی وادەی کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلی خۆڵبارینەوە، سادق عەتییە شارەزای کەشناسی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، سبەینێ رۆژی سێشەممە کاریگەری خۆڵبارینەکە لاوازدەبێت و خێرایی با لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٠ کیلۆمەتر دەبێت لەکاتژمێرێکدا.

لەبارەی پلەکانی گەرماشەوە، باسی لەوەکردووە، لەسەرتاسەری وڵاتدا پێنج پلە پلەکانی گەرما دادەبەزن و لە شاری بەغدا دەگاتە ٣٥ بۆ ٣٤ پلەی سەدی.

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە راگرتنی دەوامی فەرمی لەسەرجەم دام و دەزگاکاندا جگە لە کەرتی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان.













گەلەری